سەردێڕ:

ئەو ١٠ سەرنشینە کوردەی کە لە رووداوی فڕۆکە ئۆکرانییەکەدا گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-01-09

33178 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانێکی ساردە، تۆپەڵێک گڕ لە ئاسمانەوە بەردەبێتەوە و دواتر گڕێکی زۆر و گرمەیەک خەوی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەزڕێنێت.

نزیک شارۆچکەی شەهریاری تاران بەماوەیەکی کورت دوای هەڵدانی چەند موشەکێک لە ئێرانەوە بەرەو بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە هەولێر و ئەنبار، فڕۆکەیەک لە نزیک تاران کەوتەخوارەوە.

هەرچەندە هەواڵەکە لە سێبەری موشەکبارانکردنەکەدا بۆ ماوەیەک بێڕەنگ بوو، بەڵام دواتر سەرنجی زۆری خرایە سەر.

فڕۆکەیەککی بوئینگ ٧٣٧ ی سەر بە هیڵی فڕۆکەوانی ئۆکرانیا کە بە ١٧٦ سەرنشینەوە لە تارانەوە بەرەو کیێڤ کەوتبوەرێ، کەمێک دوای هەڵسانی لە فرۆکەخانەی خومەینیی تاران بەرببوەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا.

وەک میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە ١٤٦ سەرنشینی فڕۆکەکە ئێرانی بوون و ئەوانیتر هاوڵاتی ئەفغانستان، سوید، بەریتانیا و ئۆکرانیا بوون. لە کۆی ١١ هاوڵاتی ئۆکراینی نۆ کەسیان ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی بوون.

دوابەدوای راگەیاندنی ناوی سەرنشینانی فڕۆکەکە دەرکەوت لانی کەم ١٠ کەسیان کوردبوون:

سنور پور قادری و سروە پەساوەند، دایک و کچیکی دانیشتووی ڤانکۆڤەری کەنەدابوون کە بۆ سەردان گەڕابوونەوە بۆ مەهاباد.

هیوا مەولانی، ئەوین ئەرسەلانی و کوردیا مولانی بنەماڵەیەکی تری خەڵکی سەردەشت و دانیشتووی مەهابادبوون کە ئەوانیش بەرەو کەنەدا دەڕۆیشتن.

رزگار رەحیمی، خەڵکی شاری سەقز مامۆستای زانکۆ و خوێندکاری دکتۆرا لە کەنەدا لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی فەریدە غوڵامی و منداڵەکەیان بە ناوی ژیوان یەکێکی تر لەو بنەماڵانەبوون، کە لە فڕۆکەکەدابوون و گیانیان لەدەستدا.

بنەماڵەیەکی تری کورد کە لە فڕۆکەکەدابوون، دکتۆر ئاروین مورەتەب و دکتۆر ئایدا فەرزانەی هاوسەری بوون.

لەساڵانی رابردوودا بە هەزاران هاوڵاتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی خوێندن و کارکردن روویان لە کەنەدا کردووە، لە کۆی ئەو کەسانەی لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکەدا گیانیان لەدەستدا ٦٣ کەسیان هەڵگری رەگەزنامەی کەنەدی بوون، جیالەوان ٧٥ کەسیتریشیان بەنیازبوون لە رێگەی کیێڤەوە بەرەو ئەو وڵاتە بچن.

لەناو قوربانیاندا بەشیکی زۆریان بە نوخبە و دەستەبژێری زانستی ئێران دادەنرێن کە بروانامەی ماستەر و دکتورایان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئێران بەدەستهێناوە و سەرقاڵی درێژەدان بە خوێندنبوون لە دەرەوەی ئەو وڵاتە.

بە پێی ئاژانسی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) نزیکەی ٢٠ لەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، دەرچوو یان خوێندکاری زانکۆکانی زانست و پیشەسازی شەریف، خاجە نەسیر و ئەمیر کەبیر بوون.