سەردێڕ:

ڕیزبەندی ئەو جەنگانەی ئەمریکا کە زۆرترین تێچوویان هەبووە

فۆتۆ: 
2020-01-09

5243 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ڕیزبەندی ئەو جەنگانەی بڵاوکردووەتەوە کە زۆرترین تێچووی لەسەر خەزێنەی ئەمریکا هەبووە و لە ناویشیاندا هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لە پلەی یەکەمدا دێت.

لەگەڵ گەیشتنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان بە لوتکە، لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "یو ئێس ئەی تودەی"دا هاتووە، تێچووی هەر جەنگێکی پێشبینیکراو لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا زۆر دەبێت.

ئەو ڕۆژنامەیە ڕیزبەندی ئەو جەنگانەی ئەمریکاشی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا زۆرترین تێچوو لەسەر ئەمریکا کەوتووە، کە لە ماوەی ١٠٠ ساڵدا و تێچووەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ بواری سەربازی و جەنگەکان تەرخانکراوە.

لەو بارەیەوە ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە، هێرشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا بۆ سەر عێراق، یەکێک بووە لەو جەنگانەی زۆرترین تێچووی هەبووە بۆ ئەمریکا و لە پلەی یەکەمدایە، کە زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار لەو جەنگەدا خەرجکراوە و بۆ ماوەی حەوت ساڵ و نیو بەردەوام بووە.

پلەی دووەمیش بۆ ئەو جەنگەی ساڵی ٢٠٠١ دانراوە، کە تیایدا  ئەمریکا هێرشی بۆسەر تاڵیبان لە ئەفغانستان دەستی پێکرد و تێچووەکەی ٩١١ ملیار دۆلار بووە.

جەنگی ڤێتنامیش کە لە ساڵی ١٩٥٥، بە پلەی سێیەم دێت و تێچووی ٨٤٤ ملیار دۆلار بووە، ئەو جەنگەش بۆ ماوەی ١٨ ساڵ بەردەوام بوو.

پلەی چوارەم بۆ جەنگی کۆریا دانراوە، کە لە ساڵی ١٩٥٠ دەستی پێکرد و ماوەی ٣٧ مانگ بەردەوام بوو، تیایدا تێچووەکەی ٣٩٠ ملیار دۆلار بوو.

پلەی پێنجەمیش کە بە تێچووی ٣٨٢ ملیار دۆلار دانراوە، خۆی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دەبینێتەوە لە ساڵی ١٩١٤دا، کا ماوەی ١٩ مانگ ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشداری تێداکردووە.

لە کۆتایشدا جەنگی کەندوی دووەم لە پلەی شەشەمدا دانراوە، کە لە ساڵی ١٩٩١دا و بۆ ماوەی حەوت مانگ بەردەوام بوو، تێچووەکەی نزیکەی ١١٧ ملیار دۆلار بوو.

هـ.ئـ