سەردێڕ:

حزبوڵای عێراق: ئەگەر سزای ئابوری عێراق بدرێت ڕێگە لە چوونە دەرەوەی نەوتی کەنداو دەگرین

فۆتۆ: 
2020-01-06

8076 جار خوێندراوەتەوە

یەکەکانی سەر بە حزبوڵای عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر ترەمپ سزای ئابوری بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، ئەوا ڕێگری دەکەین لە گەیشتنی نەوتی کەنداو بە بازاڕەکانی ئەمریکا.

عەلی عەسکەری، بەرپرسێکی ئەمنی حزبوڵایی عێراقییە لە ڕوونکردنەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناوی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە (گەمژە) هێناوە و دەشڵێت، "تەنانەت بنکە ئاسمانییەکەی ئەمریکاش خاپوور دەکەین ئەگەر لەسەر مانەوەی لە عێراقدا سوربێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامادەن بۆ یارمەتیدانی حکومەتی عێراقی لە فەراهەمکردن و دابینکردنی ئاسایشی کار لە ڕێگەى کۆمپانیا چینییەکانەوە".

لە ٤ی ئەم مانگەدا، یەکەکانی سەر بە حزبوڵای عێراق داوای لە هێزە عێراقییەکان کردبوو بە دووری یەک کیلۆمەتر لە سەرجەم بنکە ئەمریکییەکان دوورکەونەوە.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت کە لە بەرەبەیانی هەینی ڕابردوودا و لە هێرشێکی ئەمریکادا لە بەغدا، هەریەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای حەشدی شەعبی کوژران.

هـ.ئـ