سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: تاران جەنگی ناوێت

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی
عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2020-01-05

15918 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، "تاران جەنگی ناوێت و کەس ناتوانێت داوا لە ئێران بکات تا چى بکات، بڕیار لاى خۆمانە و وەڵاممان بەرامبەر شەهیدکردنی قاسم سولەیمانی جیاواز دەبێت".

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بە ھیچ جۆرێک سازش لەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی ناکەین و وەڵاممان بەرامبەر شەھیدکردنی جیاواز دەبێت."

راشیگەیاند، جێگرەوەکەی سولەیمانی ھەمان سیاسەتەکانی ئەو پەیڕەو دەکات.

وتیشی، "یەکێتی ئەوروپا داوایان لە محەمەد جەواد زەریف کردووە سەردانی برۆکسل بکات".

روونیشیکردەوە، نامەکەی واشنتۆن بۆ تاران ھەڵگری پەیامێکی ھەڕەشە ئامێز بوو".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ھەموو بارودۆخێک ئامادەن و لەژێر فشار و ھەڕەشەدا وتووێژ ئەنجام نادەن.

جەختیشیکردەوە، تاران جەنگی ناوێت و کەس ناتوانێت داوا لە ئێران بکات تا چى بکات.

ئەم قسانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، لە بەرەبەیانی ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠دا، لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە و لەلایەن ئەمریکاوە، قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەک سەرکردەی حەشدی شەعبی کوژران.