سەردێڕ:

پۆمپیۆ: خەڵکی عێراق دەیانەوێت لەژێر هەژموونی ئێراندا بڕۆنەدەرەوە

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2020-01-05

6692 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، خەڵکی عێراق دەیانەوێت لەژێر هەژموونی ئێراندا بڕۆنەدەرەوە و بەمدواییانەش کۆنسوڵخانەیەکی ئەو وڵاتەیان سوتاند.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "ئەوەی کە ڕژێمی ئێران بە حکومەتی عێراق دەڵێت چی بکات خەڵکە نیشتیمانپەروەرەکەی ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە. خەڵکی عێراق دەیانەوێت لەژێر هەژموونی ئێراندا بێنەدەرەوە و بەمدواییانەش کۆنسوڵخانەیەکی ئەو وڵاتەیان سوتاند و تەختی زەوییان کرد".

ڕاشیگەیاند، "حزبوڵای عێراق کە ئێران خاوەنییەتی ئەوەی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕاگەیاندووە کە بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستن لە پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو شوێنانەی دیکە کە ئەمریکییەکان لەگەڵ خەڵکی باشی عێراقیدا کاری تێدادەکەن".

ئەوەش لەکاتێکدایە، مەکتەبی سیاسی حزبوڵای عێراق لەسەر دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی مانەوە یاخود دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا، هەڕەشە لە پەرلەمانتاران و کوردیش دەکات.

هـ.ب