سەردێڕ:

ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی نوێ لە دژى ئێران دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2020-01-05

18446 جار خوێندراوەتەوە

لە نوێترین هەڕەشەیدا، ترەمپ باس لە ناردنی چەکی نوێ بۆ ناوچەکە و لێدانی ئێران دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتەر ڕایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەم دواییانە دوو ترلیۆن دۆلاری لە بواری کەرەستەى سەربازییدا خەرجکردووە. ئێمە گەورەترین و باشترینین لە جیهاندا. ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر بنکەی ئەمریکی یان هاوڵاتی ئەمریکی، ئەوا بەبێ دوودڵی، هەندێک لەو  کەرەستە سەربازییە نوێیانە دەنێرینە سەریان".

ڕاشیگەیاندووە، "ئەوان هێرشیانکردە سەرمان و ئێمە لێماندانەوە. ئەگەر دووبارە هێرشبکەنەوە، کە من بە جدی ئامۆژگارییان دەکەم نەیکەن، ئەوا قورستر لێیان دەدەین، بەجۆرێک کە هەرگیز وا لێیان نەدرابێت".

شەوى رابردووش دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، "ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئەمریکا یان هەر بەرژەوەندییەکی ئەمریکا، ئەوا ٥٢ ئامانجی ئێرانمان دیاریکردووە".

روونیشیکردبوویەوە، "هەندێک لەو ئامانجانە بۆ ئێران و کلتووری ئێرانییەکان زۆر گرنگن، ئەو ئامانجانە و خودی ئێرانیش، زۆر بە خێرایی و قورسی لێیان دەدرێت. ئەمریکا هەڕەشەی زیاتر قبوڵ ناکات."

بەرەبەیانی هەینی ڕابردوو لە هێرشێکی ئەمریکادا لە بەغدا، هەریەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای حەشدی شەعبی کوژران.

هـ.ب






‌بەپەلە