سەردێڕ:

وردەکاریی نوێی کوژرانی قاسم سولەیمانی ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-01-03

74712 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى فەرماندەى سوپاى پاسدارانى ئێران وردەکاریى کوژرانى قاسم سولەیمانى ئاشکراکرد و رایگەیاند، کە لە سوریاوە بۆ بەغدا گەشتى کردووە.

عەلى فدوى جێگرى فەرماندەى سوپاى پاسدارانى ئێران رایگەیاند، سەردانى قاسم سولەیمانى بۆ بەغدا لەسەر بانگهێشتى بەرپرسانى عێراقى بووە.

روونیشیکردەوە، بۆ گفتوگۆکردن لە سەر پرسە جیاوازەکان، زۆرجار بەرپرسانى عێراقى سولەیمانیان بانگهێشتکردووە، لەبەر ئەوە بەردەوام سەردانى عێراقى کردووە و سەردانى بەرەبەیانى ئەمڕۆش لەسەر بانگهێشتى بەرپرسانى عێراقى بووە.

ئەو فەرماندە سەربازییەى ئێران وتیشى، "پرۆسەى تیرۆرکردنى سولەیمانى هیچ گرنگییەکى سەربازیی نییە، ئێرانیش دەتوانێت هەر ئامانجێکى جوڵاوى بیەوێت  دەتوانێت بیپێکێت بە بەکارهێنانى موشەکى لەیزەرى کە لەرێگەى فرۆکەى بێفرۆکەوانە دەهاوێژرێت، ئەوەش تواناى تەکنەلوجیا وسەربازى ئەمریکا ناگەیەنێت".

 لە دەوروبەرى کاتژمێر دووى بەرە بەیاندا، چیرۆکى کوژرانى قاسم سولەیمانى فەرماندەى فەیلەقى قودس لە سوپاى پاسداران و کەسایەتى سیاسى ئێرانی دەستیپێکرد، هەواڵەکە سەرەتا وەک ڕوداوێکى ئاسایى دەردەکەوت کاتێک شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە سێ موشەکى جۆرى کاتیۆشا لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە و دوو ئۆتۆمبێل و چەند هاوڵاتییەک پێکراون.

بەڵام ڕووداوەکە زۆر لە هەواڵەکە گەورەتربوو، کاتێک دەرکەوت موشەکەکان لەلایەن فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئەمریکاوە ئاراستەکراوە، ئامانجەکەشی قاسم سولەیمانى ئەندازیارى جەنگەکانى ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى فەرماندەى گشتیى حەشدى شەعبى بوون.

هەر لە هێڕشەکەشدا جگە لەو دوو فەرماندەیە هەریەک لە محه‌مه‌د ره‌زا جابری، به‌ڕێوبه‌ری پرۆتۆكۆڵی حه‌شدى شەعبی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ و حه‌سه‌ن عه‌بدولهادی و محه‌مه‌د شیبانی و حه‌یده‌ر عه‌لی کە سەرجەمیان فەرماندەن لە حەشدى شەعبی کوژران.

هاوکات ئیسماعیل قائانى فەرماندەى نوێى فەیلەقى قودسى ئێرانى کە ئەمڕۆ لەلایەن رابەرى باڵاى ئێرانەوە بۆ ئەو پۆستە دانرا، رایگەیاند، چوار ئەفسەرى ئێران کە یاوەرى قاسم سولەیمانى بوون لە نێو کوژراوەکاندایە وئەوانیش بریتین لە وەحید زەمانیان کە پلەى نەقیب بووە و هادى تارمى کە پلەى رائید بووە و شەهرود موزەفەرى نیا پلەى عەقید و حسێن جەعفەرى نیا پلەى لیواى هەبووە.

سەرەتادا میدیا عێراقییەکان باسیان لەوەکرد، کە لە بۆردومانەکەدا، چەند سەرکردەیەکى حەشدى شەعبى و سوپاى پاسداران کراونەتە ئامانج و ناسنامەی کوژراوەکانیان بڵاونەکردەوە، بەڵام دواتر ئاژانسى ئەسۆشیەتید پرێس بە پشت بەستن بە لێدوانی بەرپرسێکى ئەمریکی ڕایگەیاند، هێڕشەکە لە ڕێگەى فڕۆکەوە بووە و ئامانجەکەش قاسم سولەیمانی بووە و لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا پێکراوە.

هێرشەکەی ئەمریکا دواى ئەوە هات، کە قاسم سولەیمانى لە گەشتێکیدا لە سوریاوە بەرەو عێڕاق بەڕێکەوت و لە کاتى دەرچوونى لە فڕۆکەخانەی بەغدا، شاندێکى باڵاى حەشدى شەعبی لە نێویاندا ئەبومەهدى موهەندس پێشوازیان لێکردووە و بەدوو ئۆتۆمبێل بەڕێکەوتوون و لەوکاتەشدا ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن ئەمریکاوە بەرمووشەک دراون و تێکشکاون، بەشێک لە تەرمەکانیش نەناسراونەتەوە، بەڵام ئەنگوستیلەکەی دەستی قاسم سولەیمانی ناسراوەتەوە.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى ٣ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠ بەهۆى بۆردومانکردنى دوو ئۆتۆمبێل لە نزیک فرۆکەخانەى بەغدا، قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى فەیلەقى قودسی ئێران و ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی  و ١٠ فەرماندەى باڵاى سەربازى ئێران و حەشدى شەعبى کوژراون.‏