سەردێڕ:

ترەمپ: دەبوو قاسم سولەیمانی چەند ساڵێک پێش ئێستا بکوژرایە

فۆتۆ: 
2020-01-03

27603 جار خوێندراوەتەوە

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە بەغدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، "دەبوو قاسم سولەیمانی چەند سالێک پێش ئێستا بکوژرایە و جێگەی ترس بوو لە ناوچەکەدا"

ترەمپ لە تویتەر نوسیویەتی، "فەرماندە قاسم سولەیمانی لەماوەیەکی زەمەنی دوورودرێژدا هەزاران ئەمریکی کوشتووە و بە سەختی بریندارکردووە، هەروەها پلانی بۆ کوشتنی زۆرێکی دیکە دادەنا، بەڵام ڕاگیرا! ئەو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەرپرسیاربووە بەرامبەر مردنی ملیۆنان کەس و لەناویشیاندا، کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی خۆپیشاندەرانی ئەم دواییەی خودی ئێران".

دەشڵێت، "ئەگەرچی ئێران هەرگیز ناتوانێت وەکوخۆی دانیپێدانانێت، بەڵام لەناوخۆی وڵاتەکەشدا ڕقلێهەڵگیرا و مەترسیداربوو. ئەوان (خەڵکی ئێران) بەوشێوەیە خەمناک نین کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت وانیشانی جیهانی دەرەوەی بدەن. ئەو (سولەیمانی) پێویست بوو ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر لەناوببرێت".

هاوکات، لە یەکەم لێدواندا لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە بەغدا، ترەمپ رایگەیاند، ''ئێران لە هیچ شەڕێکدا براوە نەبووە بەڵام لە هیچ دانوستانێکدا نەدۆڕاوە".

لەلایەکی دیکەوە، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، هێرشەکەیان لەسەر بنەمای هەواڵگری کردووە بەپێی زانیارییەکانیان قاسم سولەیمانی پلانی بۆ هێرشکردن لە ناوچەکەدا دارشتووە.

هاوکات، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا داواى لە هاوڵاتى و دیپلۆماتەکانى کردووە بە زووترین کات عێراق بەجێبهێڵن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی ئەمریکادا لە بەغدا، هەر یەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای حەشدی شەعبی کوژران.