سەردێڕ:

ئەردۆغان: ٢٥٠ هەزار پەنابەر لە ئیدلیبەوە بەرەو تورکیا هەڵهاتوون

فۆتۆ: 
2020-01-02

1600 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، ٢٥٠ هەزار کەس لە ئیدلیبی سوریاوە بەرەو تورکیا هەڵهاتوون و تورکیا دەیەوێت ڕێگرییان لێبکات لەوەی داخڵی سنوورەکە ببن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "تورکیا ٣،٧ ملیۆن پەنابەری سوری تیادایە، کە ئەوەش زۆرترین ڕێژەی پەنابەرانە لە دنیادا".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "دەترسن لەو شەپۆلە نوێیەی پەنابەران لە ئیدلیبی باکووری ڕؤژئاوای سوریاوە، کە ژمارەیان نزیکەی ٣ ملیۆن دەبێت"، ڕاشیگەیاندووە، "تورکیا دەیەوێت ڕێگرییان لێبکات لەوەی داخڵی سنوور ببن".

هاوکات ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا باسی لەوەکردبوو، "لە ئێستادا ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار کۆچبەر لە سنوورەکانمانەوە تێپەڕدەبن، هەوڵدەدەین بە هەندێک ڕێوشوێنی پێویست ڕێگرییان لێبکەین، بەڵام ئەمەش ئاوا ئاسان نییە، ئەم کارە سەختە چونکە ئەوانیش مرۆڤن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆى هێرشەكانى سوپای سوریا و روسیاوە بۆ سەر ئيدلب، لە تشرينى دووەمەوە 217 هەزار كەس لە ئیدلب ئاوارە بوون.

هاوکات، چاودێرانی دۆخی سوریا پێیانوایە پارێزگای ئیدلیب بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە لایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت و چالاکی زۆربەی گروپە چەکدارە نزیکەکان لە تورکیا لەو ناوچەیەدایە.

هـ.ئـ