سەردێڕ:

​تۆڕى سوریا: لە ٢٠١٩ دا زیاتر لە ٣ هەزار هاوڵاتی مه‌ده‌نی له‌ سوریا كوژراون

فۆتۆ: 
2020-01-01

335 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕى سوریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕایگەیاند، له‌ ساڵی ٢٠١٩دا، زیاتر لە سێ هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی لە ناوچە جیاوازەکانى سوریادا کوژراون.

تۆڕى سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ باره‌ی ژماره‌ی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌، کە تیایدا هاتووه‌ به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانى سورياوه‌ ته‌نها له‌ ساڵی ٢٠١٩دا، سێ هه‌زار و ٣٦٤ هاوڵاتی مه‌ده‌نی كه‌ ٨٤٢یان منداڵ و ٧٤٧یان ئافره‌ت بوون كوژراون، له‌نێو كوژراوه‌كانیشدا ١٧ كارمه‌ندی هێزه‌كانی به‌رگریی شارستانی ناسراو به‌ "كڵاو سپییه‌كان"، ١٣ رۆژنامه‌نووس و ٢٦ كارمه‌ندی ته‌ندروستی هه‌ن.

ئاماژەش بەوەکراوە، هه‌زار و ٤٩٧ هاوواتی مەدەنی كه‌ ٣٣٣ یان ئافره‌ت و ٣٧١ یان منداڵ بوون له‌لایه‌ن سوپای ئه‌سه‌د و گروپە چەکدارییەکانى سه‌ربه‌ ئێرانه‌وه‌ كوژراون، هاوکات ١٦٤ هاوڵاتی مه‌ده‌نی لەلایەن یەپەگە و پەکەکەوە كوژراون كه‌ ٥٠یان منداڵ و ٣٢یان ئافره‌ت بوون .

ئەوەشخراوەتەڕوو،  ٤٥٢ هاووڵاتی دیكه‌ش كه‌ ١١٩ یان ئافره‌ت و ١١٢ یان منداڵ بوون به‌هۆی بۆردومانه‌كانی رووسیا و رژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌ كوژراون و ٦٨ كه‌سی دیكه‌ش كه‌ ٢٠یان منداڵ و ١٧یان ئافره‌ت بوون له‌ بۆردومانه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌ماناندا كوژراون.

هەروەها ٩٤ هاوڵاتی مه‌ده‌نی لەلایەن چەکدارانى داعشەوە کوژراون و  كه‌ ١١یان منداڵ و هه‌شتیان ئافره‌ت بوون و جگه‌ له‌ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان، ٣٠٥ كه‌س له‌ زینداندا و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌و ژماره‌یه‌ش ٢٧٥یان كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سه‌دا ٩٠ی کوژراوان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رژێمه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی سووریا به ئه‌شكه‌نجه‌ كوژراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەساڵى ٢٠١١ وە تائێستا جەنگ لەسوریادا بەردەوامە کەبۆتە هۆى ئاوارەبونى سەدان هەزار هاوڵاتى مەدەنى بۆ وڵاتانى دیکە .