سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. سەرۆک وەزیرانى پێشووترى لوبنان لە ئاهەنگێکدا دەرکرا

فۆتۆ: 
2019-12-16

6365 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى ئەو گرتە ڤیدیۆیانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، فوئاد سەنیورە سەرۆکوەزیرانى پێشووترى لوبنان لەکاتى بەشداریکردنى لە ئاهەنگێکدا لەلایەن ئامادەبووانەوە دەکرێتە دەرەوە.

بەپێى گرتە ڤیدیۆکان، دوێنێ یەکشەممە لە هۆڵى بۆنەکانى زانکۆى ئەمریکى لە لوبنان ئاهەنگێکى مۆسیقا و گۆرانى بەڕێوەچووە، فوئاد سەنیورە سەرۆکوەزیرانى پێشووترى لوبنانیش چووەتە ناو هۆڵەکە، پێش ئەوەى ئاهەنگەکە دەستپێبکات، ئامادەبووانى ئاهەنگەکە بە وتنى دروشمى" بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە سەنیورە"، " شۆڕشە شۆڕشە شۆڕشە " فوئاد سەنیورە ناچار بە کردنە دەرەوە دەکەن و رێگە نادەن بەشدارى ئاهەنگەکە بکات.

ئەمەش لە کاتێکدايە خۆپیشاندانەکانى لوبنان بەردەوامیان هەیە و شەوی ڕابردووش لە بەیروتی پایتەختی ئەو وڵاتە هێزە ئەمنییەكان بە مەبەستی بڵاوەپێكردنی خۆپيشاندەران بە گازی فرمێسكڕێژ روبەڕویان بوونەتەوە و بەو هۆيەشەوە ٤٦ هاوڵاتی بريندار بوون.

خۆپیشاندانەکان لە ١٧ی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە لە بەيروت دەستيانپێکردووە بە مەبەستی رەتكردنەوەی دەسەڵات و داواكارییەكانیان بۆ چاكسازی بەو هۆيەشەوە سەعد حەريری سەرۆک وەزيرانی لوبنان دەستی لە کارکێشايەوە، کە دواتر بەهۆى ئەوەى نەتوانرا لە ماوەى دیاریکراودا بە پێى دەستورى ئەو وڵاتە کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانى نوێ دیاریبکرێت، سەرۆک کۆمار و موفتى ئەو وڵات جارێکیتر سەعد حەریرییان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت راسپاردەوە.

ب.ب