سەردێڕ:

مافی مرۆڤی عێراق: لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە ٤٨ کەس بێسەروشوێنن

دوو خۆپیشاندەری بەغداد بە ماتۆڕی سێ تایە، لە دەست هێزە ئەمنییەکان هەڵدێن
فۆتۆ: رۆیتەرز
2019-12-16

1576 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق بڵاویکردەوە، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانى عێراقەوە تا ئێستا، ٤٨ کەس بێ سەروشوێن بوون یان رفێندراون.

عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "تا ئێستا کۆمیسیۆنەکە سکاڵای لەبارەی بێ سەروشوێن بوون یان رفاندنی ٤٨ کەس لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان بەدەست گەیشتووە".

عەلی بەیاتی ئاماژەی بەوەشدا، "مایەی نیگەرانییە چالاکوانان و خۆپیشاندەران لەنێو بێ سەروشوێنبوواندان" و بانگەشەی ئەوەشی کرد، "چەکدارەکان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ھاوڵاتی مەدەنییان کردووەتە ئامانج کە ژنانیشیان لەنێودایە".

باسی لەوەشکرد، "حکومەت بەرپرسە لە بێ سەروشوێنبووان و پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەوبارەیەوە بکرێت و بکەران بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا".

بەپێی راگەیەندراوی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق کە لە چوار کانوونی یەکەمدا بڵاویکردەوە لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکان کە لە یەکی تشرینی یەکەمەوە دژ بە بێکاری، گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوەزاری گشتیی دەستیپێکردووە، لانیکەم ٤٧٠ کەس لەو خۆپیشاندانانەدا کوژراون و ١٩ ھەزاری دیکەش برینداربوون.

ب.ب