سەردێڕ:

لێبوردنی نێودەوڵەتی: تائێستا لانیکەم ٣٠٤ خۆپیشاندەر لە ئێران کوژراون

خەڵکی بە بەردەم باڵەخانەیەکی سوتاودا تێدەپەڕن لە کەرەج، ڕۆژئاوای تاران، ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩
فۆتۆ: AP
2019-12-16

753 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، تائێستا بە لایەنی کەمەوە ٣٠٤ خۆپیشاندەر لە ئێران کوژراون و ھەزارانی دیکەش دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ، ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، تائێستا بە لایەنی کەمەوە ٣٠٤ خۆپیشاندەر لەو وڵاتە کوژراون و ھەزاران خۆپیشاندەری دیکە (کە ھەرزەکاری تەمەن ١٥ ساڵیشیان تێدایە) دەستگیرکراون و لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدرێن.

ئەوەش ھاتووە، "زۆربەی قوربانییەکان لەنێوان ١٥ بۆ ١٨ی تشرینی دووەمدا بووە و ئەوەش بۆ ترساندن و تۆقاندنی ئێرانییەکان بووە تا بەردەوامی بە خۆپیشاندانەکان نەدەن".

لەماوەی ڕابردووشدا، نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەی ڕاگەیاندبوو، زانیاریی ئەوەیان لایە کە ١٢ منداڵ لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەھۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئابوری ئێرانەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ١٥ی مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرفراوان ئەو وڵاتەی گرتەوە و سەدان کوژراو و ھەزاران برینداری لێکەوتەوە.

هـ.ب