سەردێڕ:

ئەردۆغان: لەوانەیە بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیک دابخەین

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-12-15

13227 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئەگەری بەردەوامبوونی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەوا لەوانەیە بنکە سەربازییەکانی ئەنجەرلیک و کورەجیک دابخات.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، کەمێک لەمەوبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئەگەری بەردەوامبوونی سزاکانی واشنتۆن بۆ ئەنقەرە، ئەوا ئەگەر پێویستیکرد، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئەنجەرلیک و کورەجیک کە لەناو خاکی وڵاتەکەیدان، دادەخات.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش مەولود چاوشئوغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا جگە لە هەڕەشەکردنی بە داخستنی ئەو دوو بنکە سەربازییەی ئەمریکا لە تورکیا، ئاماژەی بەوەشدابوو، "ئێمە دەمانەوێت سیستمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی ڕوسی بکڕین و ئەوەش، هیچ کارناکاتە سەر فڕۆکەی ئێف-٣٥ی ئەمریکی، چونکە تورکیا خۆی یەکێکە لە هاوبەشەکانی پەرەپێدانی ئەو فڕۆکە جەنگییە". ئەوەش بەو مانایەی کە تورکیا زانیاریی لەسەر چەکی ئەمریکی بە ڕوسیا نادات.

بنكەی ئینجەرلیكى سەربازی لە وڵاتی توركیایە و ٨ كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی ئەدەنەوە دوورە. لە ساڵی ١٩٩١ ئەمریکا بەمەبەستی هێرشكردنە سەر حكومەتی عێراق و رژێمی سەدام حوسێن دروستیكرد، لەكاتی جیاوازیشدا لەلایەن بەریتیانیا و توركیاوە بەكارهێندراوە. هاوکات، بنکەی ڕاداری کورەجیک دەکەوێتە پارێزگای مالاتیا لە باکوری کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن پەیماننامەی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)وە بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەکی بالیستی بونیادنراوە.

هـ.ب