سەردێڕ:

ئیندیپێندنت: موسوڵمانانی بەریتانیا دوای سەركەوتنی پارێزگاران لەداهاتووی خۆیان دەترسن

فۆتۆ: 
2019-12-15

4524 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەى ئیندیپێندنت بڵاویکردەوە، دوای سەركەوتنی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، موسوڵمانانی ئەو وڵاتە مەترسییان لەداهاتووی خۆیان هەیە و دەڵێن،"ئەو پارتە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵیاندا نییە".

رۆژنامەی ئیندیپێندنت لە ڕاپۆرتێكدا باسی مەترسییەكانی موسوڵمانانی بەریتانیای لەدوای سەركەوتنی پارتى پارێزگاران كردووە، و ئاماژەی بە راگەیەندراوێکی  ئەنجومەنی ئیسلامی بەریتانیا كردووە كە تیایدا باسی پەیوەندییە خراپەكانی ئیسلامییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ پارتی پارێزگاران دەكات.

لەومیانەیەشدا هارون خان ئەندامی ئەنجومەنی ئیسلامی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، "لەئێستادا پارتەكەی بۆریس جۆنسۆن زۆرینەی پەڕلەمانی بەدەستەوەیە، ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێی لای موسوڵمانان لەتەواوی وڵاتەكەدا دروستكردووە، چونكە ئەو پارتە دەمارگیرییەكی زۆری بەرامبەر موسوڵمانان هەیە و ئەزمونێكی باشی لەگەڵ ئەواندا نییە.

هارون خان باسی لەوەشكردووە، سەرۆكی ئەو پارتە سیاسییە كە ئێستا سەرۆكوەزیرانە سوكایەتی بە جلوبەرگی موسوڵمانانكردووە و ئەو ژنانەی پەچەیان پۆشیوە بە "سندوقی پۆستە" چوواندوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ئیسلامی بەریتانیا دەشڵێت: ئەوان هیوادارن سەرۆكوەزیران بەڵێنەكانی كاتی هەڵبژاردنی جێبەجێبكات كاتێك وتبوی جیاوازی لەنێوان هیچ پێكهاتە و ئاینێكی ناو وڵاتەكەی ناكات.

ئەنجومەنی ئیسلامی بەریتانیا گەورەترین ڕیكخراوە كە نوێنەرایەتی موسوڵمانانی ئەو وڵاتە دەكات.

لەهەڵبژاردنەكانی ١٣ى ئەم مانگە پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

إ. م