سەردێڕ:

سلێمانی.. بڕیاری ١٣ جار لە سێدارەدان بۆ بکوژانی شۆفێری تەکسییەکان دەرکرا

دوو تاوانبارەکە
فۆتۆ: 
2019-12-15

16567 جار خوێندراوەتەوە

دادگای تاوانەکانی سلێمانی، بڕیاری ۱۳ جار لەسێدارەدانی بۆ باندێکی دوو کەسی دەرکرد، کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا چەندین شۆفێری تاکسییان کوشتووە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بڵاویکردەوە، "دادگای تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری ۱۳ جار لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی شۆفێری تەکسییەکان دەرکرد"، دەربارەی ئەو تاوانبارانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، "لە ساڵی ۲۰۱۳، لەماوەی چەند مانگێکدا سیازدە شۆفێری تەکسی کە کاری شۆفێريیان دەکرد لەنێوان سلێمانی و کەرکوک، لە لایەن باندێکی تاوانکارییەوە ڕفێندرابوون و بە دڕندانەترین شێوە کوژرابوون".

لە ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشدا باس لەوەشکراوە، "پاش بەدواداچوونی ورد لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانیەوە، تەواوی ئەو باندە مەترسیدارەمان دەستگیرکرد و ڕادەستی یاسامان کرد."

ئاماژەیان بەوەشداوە، "لەلایەن دادگای تاوانەکانی سلێمانییەوە بڕیاری ۱۳ جار لەسێدارەدان بۆ هەردوو تاوان بار (ا. ع. ح) و (ت. س. ق)، لەڕێکەوتی ۱۲ کانونی یەکەمی ۲۰۱۹دا، دەرچوو و هەر لەمساڵیشدا دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ سێ کەسی تر لەو باندە تاوانکاريیە دەرکردووە".

هـ.ئـ