سەردێڕ:

سۆران عومەر: کەلوپەلى جوانکاریی بەسەرچوو هێنراوەتە هەولێر و بەروارى نوێی لێدراوە

فۆتۆ: 
2019-12-15

1783 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، کەسێکى لوبنانى کەلوپەلی جوانکاریی بەسەرچووى هێناوەتە هەولێر و بەروارى نوێی لێداوە و خستوویەتییە بازاڕەوە.

سۆران عومەر لە پەیجى خۆی لە فەیسبووک ئاماژەى بەوەکردووە، "کەسێکی لوبنانی ھەرێم پڕ دەکات لە كەلوپەلى جوانکاريی بەسەرچوو و ساختە، لەبەیروتەوە بەناوی لەناوبردنییەوە هێناوییەتى بۆ زبڵدانی ھەولێر گوایە تەلەفی دەکات، بەڵام لە کۆگایەک لەھەولێر بەروارەکانى دەسڕێتەوە و بەروارى تازەى لێدەدات و دەیانخاتە بازاڕەوە."

ئاماژەى بەوەشکردووە، هەرچەندە لەلایەن دەزگای کۆنترۆڵی جۆرییەوە ئەم کارە ئاشکرا کرا و دەست بەسەر کۆگا و کەلوپەلەکانیدا گیراوە، بەڵام لێپرسینەوەی یاسایی نەکراوە و لەکارەکەی بەردەوامە و ھەوڵی ئازادکردنی کەلوپەلە بەسەرچووەکانیشی دەدرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو،"ئەمە سەرەڕای ئەوەی وێرانکردنی ئەم کۆمەڵگەیە بێڕێزیشە بە کوردستان و ھەولێر کەسێک بەو ناونیشانە کەلوپەلی بەسەرچوو بهێنێت بۆ زبڵدانی ھەولێر گوایە لێرە تەلەفی دەکات، دەشڵێت، "بەشوێن دۆسیەکەوە دەبم".