سەردێڕ:

کاتی بەستنی کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2019-12-14

2333 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی پێش کۆتایی ئەمساڵدا کۆنگرەی ھەشتەمی ئەو حزبە دەبەسترێت.

ئەمڕۆ ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا، جگە لەوەی باس لە سەرکەوتنی کۆنفرانسەکانی ئامادەکاریی حزبەکەیان بۆ کۆنگرە دەکەن، هاوکات، کاتی بەستنی کۆنگرەشیان بە چەند ڕۆژێک پێش کۆتایی ئەمساڵ دیاریکردووە.

دەقی بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر بەستنی کۆنگرەی هەشتەم:

بسم الله الرحمن الرحیم

به‌لاغی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی:

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌رواری 14/12/2019 ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی د. هادی عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و به‌ ئاماده‌بوونی به‌رێز مامۆستا سه‌لاحه‌دین محه‌ممه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خولی حه‌وته‌می خۆی ئه‌نجامدا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا راپۆرتی كۆنفرانسه‌كان له‌لایه‌ن لێژنه‌كانه‌وه‌ خرایه‌ ڕوو كه‌ له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا له‌ چوار كۆنفرانس بۆ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كۆنگره‌ له‌ شاره‌كانی ( دهۆك و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ولێر ) سازكرا و به‌سه‌ركه‌وتوویی كارنامه‌ی كۆنفرانسه‌كان به‌ئه‌نجام گه‌یه‌نران.

له‌ته‌وه‌رێكی تردا دوا ئاماده‌كاریه‌كان بۆ گرێدانی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو تاوتوێ كرا و بڕیاری پێویست له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌رگیرا، له‌ومیانه‌شدا بریاردرا كه‌ له‌ رۆژانی پێش كۆتایی ئه‌م ساڵدا كۆنگره‌ی هه‌شته‌می یه‌كگرتوو ئه‌نجام بدرێت.

 له‌ كۆتایی دا ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌وپه‌ڕی رێز و سوپاس و ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م رێكخستنه‌كان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و مه‌ڵبه‌ند و ده‌زگا و ئۆڕگانه‌كانی حیزبی كرد كه‌ له‌ماوه‌ی خولی رابردوودا هه‌موو تواناكانی خۆیان خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ خزمه‌تكردنی كاروانی شكۆداری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان.

 كۆبوونه‌وه‌ هیوای خواست كه‌ خوای په‌روه‌ردگار پشتیوان و هاوكارمان بێت بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو كه‌ بتوانێت بڕیار و ستراتیژی نوێ بۆ خولی داهاتوو دیاری بكات و له‌ ئاست داخوازیه‌كانی قۆناغه‌كه‌ دا بێت.

خوای گه‌وره‌ پشتیوان و رێ نیشانده‌ری هه‌موان بێت.