سەردێڕ:

ئێران: سزاكانی ئەمریكا ئابوری وڵاتەکەمانی لاوازکردووە

فۆتۆ: 
2019-12-14

3073 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حكومەتی ئێران ڕایگەیاند، سزاكانی ئەمریكا كاریگەری زۆری كردووەتە سەرئابوری وڵاتەكە و شاردنەوەی ئەو كاریگەریانەش لەگەلی ئێران هەڵەیەكی ستراتیژی حكومەتە.

عەلی روبەیعی وتەبێژی حكومەتی ئێران بەفەڕمی دانی بەهەڵەی حكومەتدانا، كە ساڵانێكە كاریگەریە نەرێنییەكانی سزا ئابورییەكانی ئەمریكای لەگەلی ئێران شاردووەتەوە.

 ڕوبەیعی بەراشكاوی باسی لەو كاریگەرییانە كرد كە سزاكانی ئەمریكا كردویانەتە سەر كەرتی ئابوری ئەو وڵاتە و دەڵێت "بەرپرسانی ئێران بەهەڵەداچووبوون كەپێیان وابوو سزاكانی ئەمریكا هیچ كاریگەرییەكی نابێت لەسەر ئابوری وڵاتەكە، بەڵكو كاریگەری زۆری لەسەر داڕمانی ئابوری ئێران هەبووە".

روبەیعی لەدرێژەی قسەكانیدا كە میدیا نێوخۆییەكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە،  ئابوری وڵاتەكە لاوازبووە و بەتایبەت دوای گەمارۆدانی بازاڕی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە.

 ڕوونیشیكردووەتەوە، بەهۆی ئەو سزایانەوە ئێران ئاستی وەبەرهێنان و گەشەی ئابوری زۆركەمیكردووە و ئەوەش بارگرانی بۆ خەڵكی وڵاتەكە دروستكردووە.

سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی مانگی پێشووی ئەو وڵاتەش ڕوبەیعی وتویەتی، گرانكردنی سوتەمەنی لەلایەن حكومەتەوە بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو قەیرانەیە كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە ڕووی لە ئابوری ئێران كردووە و دواجار خەڵكی لەدژی بڕیارەكە خۆپیشاندانیان كرد.

سەبارەت بەشاردنەوەی ئەو كاریگەرییانە لەگەلی ئێران وتەبێژی حكومەت بیانوی ئەوەی هێناوەتەوە كە دەسەڵاتدارانی ئێران نەیانویستووە نەیارەكانیان بۆ تێكدانی ڕەوشی ئەمنی وڵاتەكە ئەو بابەتە بقۆزنەوە.

ئەم وتانەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە لەكاتێكدایە، ئابوری ئەو وڵاتە لەدوای سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا بەسەریدا بەڕێژەی لەسەدا ٩.٥  زیانی بەرکەوتووە

لەدوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ لە ئایاری ٢٠١٨ بۆ كشانەوەی واشنتن لەڕێككەوتنامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریكا و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا، سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران توندتركرانەوە و بەتایبەت گەمارۆی ئابوری خرایە سەر كەرتی نەوتی ئەو وڵاتە.

إ.م