سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: زیاتر لە ١٠ ھەزار خاوەن ماستەر و دکتۆرا لە عێراقدا بێکارن

ڕێبوار کەریم، پەرلەمانتاری عێراق
فۆتۆ: NRT
2019-12-14

1463 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند، ١٠ ھەزار و ٥٠٠ خاوەن ماستەر و دکتۆرا ھیچ ھەلێکی کاریان لە عێراقدا نییە.

ڕێبوار کەریم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا ڕایگەیاند، بەپێی ئامارێک کە بۆ ئەو ھاتووە لە بەغدا، لە کەرتی خوێندنی باڵادا، ١٠ ھەزار و ٥٠٠ خاوەن ماستەر و دکتۆرا ھیچ ھەلێکی کاریان لە عێراقدا نییە.

ڕاشیگەیاند، "زۆرێک لەوانەی لە باشور و خواروی عێراق ھاتوونەتە سەر جادە، خەڵکی بێکارن".

سەبارەت بە دۆخی ھەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوەدا، دەیان ھەزار دەرچووی خوێندنی باڵا ھەیە و بەرپرسێکی حکومی ھەرێمیش ئەوەی بەو پەرلەمانتارە ڕاگەیاندووە کە حکومەت ھیچ پلانێکی ڕوونی بۆ دامەزراندن یاخود ڕەخساندنی ھەلیکاری بۆ ئەو دەرچووانە نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ھاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەستیپێکردووە و لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانیشدا تائێستا، ٤٩٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ ھەزاری دیکە لە خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان برینداربوون.