سەردێڕ:

​هەڵوێستی مەرجەعیەت سەبارەت بە رووداوەكەی گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا

دۆخی عێراق
فۆتۆ: 
2019-12-13

2981 جار خوێندراوەتەوە

مەرجەعی باڵای شیعەكان سەبارەت بەرووداوەكەی دوێنی وەسبەی شاری بەغدا داوای لە ئەنجومەنی دادوەری عێراق كرد، "لەئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و تاوانباران بەسزای یاسایی بگەیەنن".

ئەحمەد سافی نوێنەری تایبەتی عەلی سیستانی لە وتاری هەینی ئەمڕۆدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی رابردووی بەغدا خستەڕوو، ڕاگەیاند، داوای لە حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری دەکەن لەبەرامبەر ڕووداوەكەی ناوچەی وەسبەی بەغدا لەئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و تەنها ئیدانەكردن و توانجدان لەرووداوەكە بەس نییە، بەڵكو پێویستە بكەرانی تاوانەكە بەسزای یاسایی بگەیەندرێن.

سافی ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە حكومەت هەموو ئەو كەس و لایەنانە لەچەك دابماڵێت كە لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە فەرمییەكانی دەوڵەت چەكیان هەڵگرتووە و دەبێت چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت.

سەبارەت بە چاكسازییەكانیش ڕایگەیاند، مەرجەعیەت دووساڵ لەمەوبەر داوای لەحكومەت كردووە چاكسازی بكات و چاو بە ڕەوشی ژیانی هاوڵاتیاندا بخشێنێتەوە، بەڵام بەوتەی نوێنەری سیستانی حكومەت لە چاكسازییەكانیدا شكستیهێناوە و ئێستا عێراقییەكان دركیان بەو شكستە كردووە بۆیە دەیانەوێت خۆیان ڕووبەڕووی ئەو گەندەڵییە ببنەوە.

لەچەند ڕۆژی رابردوودا رووداوی هەڵواسینی گەنجێك لەگۆڕەپانی وەسبەی شاری بەغدا كاردانەوە و مشتومڕی زۆری لێكەوتەوە، جگە لە وروژاندنی تۆرەكۆمەڵایەتییەكان لەناوخۆی عێراقدا، لەسەر ئاستی جیهانیش رووداوەكە بووە باسی میدیاكان و بە كارێكی دوورلە بەها مرۆییەكان لەقەڵەمدرا.

إ.م