سەردێڕ:

تورکیا.. سبەى داودئۆغڵو پارتە نوێیەکەى رادەگەیەنێت

فۆتۆ: 
2019-12-12

4171 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ نوێنەرانى پارتە نوێیەکەى ئەحمەد داودئۆغڵو لە وەزارەتى ناوخۆى تورکیا، بە ناوى (پارتى ئایندە) داواکاری دامەزراندنى پارتەکەیان پێشکەشى وەزارەتى ناوخۆ کرد و سبەینێش پارتە نوێیەکەیان رادەگەیەنن.

ئایهان سەفەر پەرلەمانتارى پێشوو و یەکێک لە دامەزرێنەرانى پارتى ئایندە لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پارتەکەمان بە سەرۆکایەتى ئەحمەد داودئۆغڵو دەبێتە ئەلتەرناتیڤى نوێ و لە مەودوا بە خێرایی هەوڵەکان بۆ رێکخستنى پارتەکە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت."

ئاماژەى بەوەشکردووە، چەند رێکارێکى دیکە ماوە بۆئەوەى رەزامەندى تەواو لەسەر ناوى ئەندامەکانیان بدرێت، بەڵام  لە نزیکترین کاتدا وەزارەتى ناوخۆ رەزامەندییان لەسەر دەدات و سبەینێش کۆبوونەوەى یەکترناسینى پارتەکەیان بەڕێوەدەچێت و پارتەکەیان رادەگەیەنن.

ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆک وەزیرانى پێشووترى تورکیا و هاوکات یەکێک لە دامەزرێنەرانى پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار بوو، بەڵام بەهۆى ناکۆکی سیاسی لەگەڵ ئەردۆغان وازى لە پارتەکە هێنا و لەئێستادا ئامادەکاریی بۆ دروستکردنى پارتێکى نوێ دەکات.