سەردێڕ:

وەزیری بازرگانی: ڕێگەنادەین ئەو كاڵایانەی كوالێتییان نزمە ڕیكلامیان بۆ بكرێت

فۆتۆ: 
2019-12-12

1226 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بازرگانی وپیشەسازی هەرێم ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی بەرەوپێشبردنی كەرتی بازرگانی و پیشەسازیدا، بەهاوكاری پەڕلەمانی كوردستان كاری ڕیكلامكردن و بازرگانی ڕیكدەخەنەوەو ڕێگە لە ڕیكلامكردن بۆ كاڵای كوالێتی خراپ دەگرن.

ئەمڕۆ پێنج شەممە كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی وپیشەسازی هەرێم لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بەمەبەستی تاوتوێكردنی پرۆژەیاسای ڕێكخستنی ڕیكلامی بازرگانی كۆبووە.

له‌ كۆبونه‌وه‌كەدا گفتوگۆ له‌باره‌ی مافی به‌كاربه‌ر كراوە، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی داواشیكردووە، له‌ داڕشتنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌ و گفتوگۆ و په‌سه‌ندكردنیدا ره‌چاوی مافی به‌كاربه‌ر و هاوڵاتیان بكرێت و رێوشوینه‌كان به‌شێوازێك رێكبخرێن كه‌ رێگه‌ نه‌درێت ریكلام بۆ ئه‌و كاڵاو پێداویستییانه‌ بكرێت كه‌ كوالێتییان له‌ ئاستی پێویستدا نییه.

وەزیری بازرگانی دەشڵێت، وه‌زاره‌ت كارده‌كات بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی بازرگانی له‌ هه‌رێم و ڕه‌خساندنی هه‌لی یه‌كسان بۆ بازرگانان، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە،‌ له‌ پڕۆژه‌ یاسای رێكخستنی ریكلامی بازرگانیدا ته‌نها ره‌چاوی دۆخی بازرگان و خاوه‌ن كار و پڕۆژه‌ نه‌كرێت، به‌ڵكو ره‌چاوی مافه‌كانی هاوڵاتیش بكرێت بۆئه‌وه‌ی دڵنیابن له‌ كوالێتی ئه‌و كه‌ره‌سته‌ و كاڵا و خوارده‌مه‌نییانه‌ی ریكلامیان بۆ ده‌كرێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە، پرۆژەیاسای رێکخستنی رێکلامی بازرگانی لە دانیشتنی ژمارە ٦ی په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوەو بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرت له‌سه‌رى ئاڕاستەی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی کراوە.

إ.م