سەردێڕ:

ئەو هۆکارانەی وادەکەن سەرەڕای رێجیم کێشت زیادبکات

فۆتۆ: 
2019-12-12

5573 جار خوێندراوەتەوە

هەندێك کەس هەرچەندە رێجیم دەکەن و هەوڵدەدەن کێشیان داببەزێنن ناتوانن و بەردەوام کێشیان زیاد دەکات، ئەمەش چەندین هۆکاری جیاوازی لە پشتەوەیە کە رێگە لە دابەزاندنی دەگرن.

ماڵپەڕی دی دەبلیوی ئەڵمانی لە بابەتێکدا ئاماژەی بە دیارترینی ئەو هۆکارانە کردووە کە وێڕای وەرزشکردن و رێجیمکردن رێگر دەبن لە دابەزاندنی کێش، بەم جۆرە:

١. خواردنی دەرمان:

هەندێك لە دەرمانەکان دەبنە هۆی زیادبوونی کێش، بەتایبەت دەرمانی دژە خەمۆکی، چارەسەری هۆرمۆن و حەبی رێگریکردن لە دووگیانی، بۆیە ئەگەر نەخۆشێک هەستی کرد لەگەڵ بەکارهێنانی دەرمانێکدا کێشی زیاد دەkات، دەبێت لەگەڵ پزیشکەکەیدا قسە بکات بۆ ئەوەی دەرمانێکی دیکەی پێبدات.

٢. فاکتەرە بۆماوەییەکان:

کەسانێکی زۆر پێیان وایە کە قەڵەویی بۆماوەییە و ناتوانن هیچ شتێك بکەن بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام ئەمە لێكدانەوەیەکی هەیەڵەیە و ئەگەر زوو هەوڵبدرێت دەکرێت چارەسەر بکرێت و رێگەنەدرێت کێش زیادبکات.

٣. تەمەن:

ئەو کەسانەی کە تەمەنیان ٥٠ ساڵی تێپەڕاندووە کێشیان بەرەو زیادبوون دەچێت، لەکاتێکدا ئەگەر بە هەمان سیستمی خواردنی چەند ساڵی پێشوویان نان بخۆن و جوڵە و وەرزشیش بکەن، هەر کێشیان بەرەو زیادبوون دەچێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کرداری زیندەپاڵ چونکە هەموو ساڵێك کرداری زیندەپاڵ بەڕێژەی %٢ کەمدەبێت، بۆیە دابەزاندنی کێش قورسدەبێت.

٤. فشارەکانی رۆژانە:

زانایان ئاشکرایانکردووە، کاتێك جەستە تووشی فشار دەبێت گرنگی بە دابەزاندنی کێش نادات و خۆی بۆ رووبەڕووبونەوە ئامادە دەکات، لەکاتی کەونتە ژێر فشارەوە مرۆڤ ئارەزوو دەکات کۆمەڵێك خواردن بخوات کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی هەیە، کە ئەوانیش خواردنە دەوڵەمەندەکان ببە کالۆری، وەك شۆکولاتە، ئەمەش وادەکات کێش زیاد ببێت.

٥. کەمخەوی:

کاتێك بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەم دەخەوین، ئارەزووی خواردنمان زیاتر دەبێت و زیاتر دەخۆین، لەگەڵ ئەمەشدا هۆرمۆنەکانی فشاری دەروونی زیاتر دەبن، چونکە جەستە ناتوانێت هاوسەنگی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، لەکاتی تێكچوونی ئەمانەشدا جەستە چەورییەکی زیاتر هەڵدەگرێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆی بکات لە حاڵەتی بەپەلەدا.