سەردێڕ:

حکومەتى عێراق وردەکارى رێککەوتنى لەگەڵ هەرێم ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2019-12-12

14695 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى نەوتى عێراق وردەکارى رێککەوتنى لەگەڵ هەرێم ئاشکرا دەکات و رایگەیاند، لە سەرەتاى ساڵى داهاتووەوە جێبەجێدەکرێت.

سامر غەزبان وەزیرى نەوت و جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى وزە لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، حکومەتى ناوەندى لەگەڵ حکومەتى هەرێم رێککەوتوون، لە یەکى مانگى کانونى یەکەمى ساڵى ٢٠٢٠ وە هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستى سۆمۆ دەکات.

ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەتى ناوەندى و هەرێم سووربوون لەسەر چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکانى نێوانیان لەسەر پرسى نەوت، کە لە دوو سەردانى ئەم دواییەى شاندى هەرێم بۆ بەغدا رێککەوتنى تەواوى لەسەر کراوە.

وەزیرى نەوت ئاماژەى بەوەشکردووە، هەردوولا پابەندییەکانى هەرێم بەرانبەر بە بەغدا و بودجەیان دیاریکردووە، کە لە ئێستادا هەرێم رۆژانە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى دەرەوە دەکات، بەپێى رێککەوتنەکەش دەبێت هەرێم پابەندى ئەو رێژەیە لە هەناردەى نەوت بێت و ئەگەر نا کاریگەرى لەسەر پشکى عێراق لە ئۆپیک دەبێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، هەفتەى رابردوو، دوو شاندى حکومەتى هەرێم و حکومەتى ناوەندى رێککەوتنێکى سەرەتاییان ئەنجامدا، کە هەرێمی کوردستان رۆژانە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت رادەستى حکومەتی ناوەندیی دەکات، لە بەرامبەردا حکومەتى عێراق مانگانە (٩٠٠) ملیۆن دۆلار وەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات.

ب.ب