سەردێڕ:

دوو کەس لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکانی بەغدا بێسەروشوێنکران

خۆپیشاندانەکان بەردەوامن
فۆتۆ: 
2019-12-12

1072 جار خوێندراوەتەوە

دواى دەرچوونیان بۆ خۆپیشاندانەکانى گۆڕەپانى تەحریر لە بەغدا، ئێوارەى دوێنێ دوو کەس لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان بێسەروشوێنکران.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، هەریەک لە عومەر کازم عامرى و سەلمان خەیروڵا مەنسورى بەرەبەیانى دوێنێ چوارشەممە لە شارى بەغدا لە ماڵ دەرچوون بەرەو ناوچەى کازمییە بۆ کڕینى خێوەت و بەتانى و پێداویستییەکانى خۆپیشاندەرانى گۆڕەپانى تەحریر و دواى کاتژمێر چوارى ئێوارە موبایلەکانى داخراوە و بێسەروشوێنکراون.

هاوڕێیانیان لە خۆپیشاندانەکان باسیان لەوەکردووە، نازانن لەلایەن حکومەتەوە دەستگیرکراون یان رفینراون، بەڵام ئەوە دەزانن کە ئەو دوو کەسە هیچ زیانێکیان بە کەس نەگایەندووە و یەکێک بوون لە رێکخەرانى خۆپیشاندانەکان و تەنها ئاڵاى عێراقیان بەرزکردبووەوە و رۆڵیان هەبووە لە بەئاشتى بەڕێوەچوونى خۆپیشاندانەکان، هەروەها دابینکردنى خۆراک و پێداویستییەکانى دیکە بۆ خۆپیشاندەران.

داواش لە حکومەت دەکەن پاراستنى خۆپیشاندەران بگرنە ئەستۆ و دەشڵێن، "ئیتر بەسە دەستگیرکردنى رۆڵەکانى ئەم وڵاتە، بەهۆى پروپاگەندەى درۆوە".

لەسەرەتاى مانگى ڕابردووەوە هاوڵاتیانى بەغدا و شارەکانى دیکەى عێراق لە دژى نەبوونى خزمەتگوزارى و بێکارى و گەندەڵى خۆپیشاندانیان دەستپێکردووەو بەو هۆیەشەوە زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراون و بە هەزارانى دیکەش بریندار بوون.

ب.ب