سەردێڕ:

ئەمریكا.. لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیران سزاکانی سەر تورکیای پەسەندکرد

فۆتۆ: 
2019-12-11

21446 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی ئێس٤٠٠ی ڕوسی لەلایەن تورکیا و ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بڕیاری سەپاندنی سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا پەسەندکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە زۆرینەى دەنگ لیژنەى کاروبارى دەرەوەى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا  سەپاندنى سزاى بەسەر تورکیادا پەسەند کرد و بڕیارە سبەینێ ١٢ی کانوونی یەکەم، لە ئەنجومەنى پیران، بخرێتە دەنگدانەوە.

هاوکات، بڕیارەکە بە ١٨ دەنگی بەڵێ و ٤ دەنگی نەخێر پەسەندکرا.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆبێرت مێنێندێز، سیناتۆرێکی دیموکراتەکانە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "کارەکانی تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە، یاساش ئەمە پشتڕاستدەکاتەوە بۆ تورکیا، ئەو کارانەشی بەرامبەر سوریا ئەنجامیداون جێگەی قبوڵکردن نین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی ئێس٤٠٠ی ڕوسیش لەلایەن تورکیاوە، شیاوی لێبووردن نییە".

لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا پەسەندکرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی پیرانی کرد. بەپێی پرۆژەیاساکە، سزا بەسەر کەرتی ئابوری و پیشەسازی تورکیا و ئەو بەرپرسانەی رۆڵیان هەبووە لە هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان دەسەپێندرێت.

بە پێی یاساكانی ئەمریكا ئەم سزایەی كە بڕیارە سبەی لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بۆ سەپاندنی بەسەر توركیادا تاوتوێبكرێت، دیاریكراوە و ناوی سزای بەگژاچوونەوەی وڵاتانی دژ بە ئەمریكان.

سزاكە بریتییە لە پچڕاندنی پەیوەندییە دیبلۆماسی وبازرگانی و پیشەسازی وسەربازییەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتی سزادراو، پێشتریش ئەمریكا ئەمجۆرە سزایەی بەسەر هەریەكە لە ئێران و كۆریای باكورو چەند وڵاتێكی دیكەدا سەپاندووە.

هـ.ئـ