سەردێڕ:

سعودیە.. بۆ یەکەمجار ئاهەنگی سەری ساڵی زایینی بەڕێوەدەچێت

فۆتۆ: 
2019-12-11

4542 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمین جار لە مێژووی وڵاتەکە، ئەمساڵ سعودییە ئاهەنگی سەری ساڵی زایینی دەگێڕێت.

تورکی ئال شێخ سەرۆکى دەستەی ڕۆشنبیری سعودیە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، شاری ڕیازى پایتەخت ئامادەکاریی و ڕێکخستن بۆ ئاهەنگگێڕانی جەژنی سەری ساڵی زایینی دەکات، کە ئەوەش یەکەمین جارە لە مێژووی وڵاتەکەدا ئەو یادەبکرێت.

باسی لەوەشکردووە، " سەرقاڵی ڕێکخستنی چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیری و کات بەسەربردنەکانن لە ناوچەی "بۆلیڤارد"، کە ئەو شوێنە بنکەی سەرەکی چالاکییەکانی ڕیازە، هەروەها بە بەرگێکی نوێوە ڕیاز دەبینین بەر لە کۆتایی هاتنی ئەمساڵ".

ئال شێخ ئەوەشی وتووە، "بۆلیڤارد لە نوێترین دەرکەوتنتدا دەبێت بەر لە کۆتایی ئەمساڵ، ئێمە لە شێوازە نوێیەکەی ڕازین و بەڵێنی شتێکی گەورەتان پێدەدەین".

ئەوەش لە کاتێکدایە، میدیا جیهانییەکان لە ماوەکانى رابردوودا سەرنجیان خستە سەر ئەوەى، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە ڕێگای خۆشکردووە زۆرێک لە کاری نوێ و کرانەوە بەڕووى جیهان و کەلتورە جیاوازەکان و دەیەوێت وڵاتەکەی بەرەو وڵاتێکی ئیسلامی مۆدێرن ببات.

هاوکات وتەکانیشی لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە، کە دیارترینیان یاسایەکی ساڵی رابردوو بوو، بۆ یەکەمجار ڕێگە بە ژنان درا مۆڵەتی شۆفێری وەربگرن، هەر لەو ساڵەدا و لەدوای نزیکەی ٤٠ ساڵ هۆڵی سینەما لە وڵاتەدا کرایەوە، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووشدا یەکەم یانەی شەوانە لە شاری جەدە کرایەوە، بەڵام جیاواز لە یانەی شەوانی دیکە خواردنەوەی کهول تیایدا قەدەغەکراوە هەروەها سەرەتای مانگی ئابیش، بە بڕیارێک ڕێگە بە ژنان درا بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت لە پیاوێکی نێو خێزانەکەیان، گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن.

هـ.ئـ