سەردێڕ:

ئیدارەى خۆسەر: لە نوسینەوەی دەستوری سوریا هەوڵی پەراوێزخستنی کورد دەدرێت

کۆبوونەوەى لیژنەى نوسینەوەى دەستورى سوریا لەجنێف
فۆتۆ: 
2019-12-10

1093 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک  لە ئاوارەکانی سەرێکانی و گرێسپی، کە ژمارەییان ٣٠٠ هەزاردەبێت، تورکيا بە زەبری هێز لە شارەکانيان دەريکردوون وئیدارەى خۆسەریش دەڵێت، لە نوسینەوەی دەستوری سوریاشدا هەوڵی پەراوێزخستنی کورد دەدرێت.

 ئەنقەرە بە بەردەوامی لە وڵاتانی دەرەوە دەڵێت، "دەيەوێت يارمەتی ئەو سێ مليۆن پەنابەرەی سوريا بدات کە لە تورکيا دەمێننەوە و بيانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی خۆيان"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات ٣٠٠ هەزار کوردی سەرێکانی بە دەستی تورکيا ئاوارە بوون و لەم زستانەدا لە کەمپدا دەمێننەوە.

 لەو بارەوە و لە نوێترين پلاندا ڕەجەب تەيب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکيا ڕايگەياند، پلان و ئامانجیان لە ناوچەی ئارام ئەوەیە "یەک ملیۆن پەنابەری عەرەبی سوری لە سەرێکانی و گرێ سپی نیشتەجێ بکەن".

ئەردۆغان لە چاوپێککەوتنێکی تەلەفيزيۆنيدا لەسەرجێگيرکردن و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەی ئارام باسی لەوە کرد "لە ئێستادا دۆخى ئیدلیب بەرەو باشى دەڕوات، بەڵام کێشەیان ناوچەکانى گرێسپی و سەرێکانییە، کە مەودای نێوانیان ١٢٠ کیلۆمەترە و قوڵاییەکەى ٣٠ کیلۆمەترە".

هەر لەو بارەيەشەوە سەرۆک کۆماری تورکيا باسی لەوە کرد "وڵاتانی ڕوسیا و ئەمریکا سەرەڕاى ئەوەى بەڵێنى چۆڵکردنى هێزە کوردییەکانییان داوە لەو ناوچانە، بەڵام نەیانتوانى بەڵێنەکەیان جێبەجێ بکەن و تاکو ئێستا ئەو هێزانە لەو ناوچانەدا ماون".

 هەر لە باکوری سوريا و بۆ یه‌كه‌مجار هێزه‌كانی پۆلیسی سه‌ربازی ڕوسیا چوونه‌ شاری ره‌ققه‌وه‌، كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك پایته‌ختی خەلافه‌تی داعش بووه‌ و له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده‌)وه‌ رزگار كرا.

 له‌گه‌ڵ چوونیشيان بۆ شاره‌كه‌ هێزه‌كانی ڕوسیا بەمەبەستی هاوکاريکردنی دانيشتوانی ناوچەکە، بڕێك له‌ مادده‌ خۆراكییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان به‌سه‌ر خه‌ڵكی شاره‌كه‌دا دابه‌ش كرد و ده‌ستیانكرد به‌ دانانی بنكه‌ی پزیشكی و تیمی گه‌ڕۆك بۆ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌ پزیشكییه‌كان به‌ دانیشتوانی شاره‌كه‌.

 هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە و پەیوەست بە دۆخی سورياوە كاره‌كانی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوری داهاتووی ئەو وڵاتە له‌ جنێڤ، به‌ به‌شداری به‌ شێك له‌ نوێنه‌رانی ئۆپۆزسیۆن و نوێنه‌رانی حكومه‌تی دیمه‌شق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 لەم بارەيەشەوە ئيدارەی خۆسەر ڕايگەياندووە، ئه‌و ده‌ستوره‌ به‌ر له‌وه‌ی له‌ دایكبێت مردووه‌، چونكه‌ ده‌ستورێكی جیاكارانه‌یه‌ و به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ پێكهاته‌كانی باكور و رۆژهه‌لاتی سوریا تيايدا پەراوێزخراوە.

 ڕاشيانگەياند پابه‌ندی ده‌ستورێكی له‌و جۆره‌ و بڕیاری هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك نابن كه‌ تیایدا به‌شدار نه‌بووبن.

 ئيدارەی خۆسەر باس لەوەش دەکات، په‌راوێزخستنی پێكهاته‌كانی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا له‌ كاتێكدایه‌ نوێنه‌رانی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان و كه‌سانی سه‌ر به‌ داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ له‌ ئاماده‌كردنی ده‌ستووردار به‌شداریان پێكراوه‌.

ب.ب