سەردێڕ:

سۆران عومەر: بەناوی چارەسەری شێرپەنجەوە حەبی سكچون بە هەزار دۆلار دەفرۆشرێت

هەرێمى کوردستان
فۆتۆ: 
2019-12-10

8799 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، بەناوی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەوە حەبی هاڕاوی سكچون لە هەرێم، بە ملیۆنێك و دوو سەد هەزار دینار دەفرۆشرێت.

سۆران عومەر، لە فراكسیۆنی كۆمەڵ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك گرتەیەكی ڤیدۆیی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت، "دەرمانەکە لە ناو قوتویەكدایە كە ئاڵای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای لەسەرە كە هیچ بنەمایەكی نییە و لەكاتێكدا نرخی ئەو حەبە هاڕاوە دوو هەزار دینارە، بەڵام بە نرخی یەك ملیۆن و دووسەد هەزار دینار بە نەخۆشانی شێرپەنجە فرۆشراوە".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "دەرمانەكە بە شێوەیەكی نهێنی مامەڵەی پێوەدەكرێت و لە نێو کۆگایەکدا لە هەولێر دەستیبەسەرداگیراوە كەسوكاری نەخۆشانی شێرپەنجە بەدوایدا دەگەڕێن".

ئاماژە بەوەشدەكات "لە نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە ژمارەی تەلەفۆنی ئەو كەسە هەیە كە ئەو دەرمانەی لایە و دەتوانێت بەردەستى بخات كە گوایە بە ئاسانی دەست نەخۆشەكان ناكەوێت".

سۆران عومەر باسیلەوەشکردووە، دەرمانەكە لەنێوان كۆمەڵێك دەرمانی ساخته و رێگەپێنەدراو لەلایەن لێژنەی بەدواداچوون و چاودێری دەرمان کە پێکھاتووە لە دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە هەولێر دەستیبەسەرداگیراوە.