سەردێڕ:

هاتوچۆی سلێمانی: بڕیاری زیادکردنی سزای به‌سه‌رچوونى مۆڵەتی شۆفێری دواخرا

فۆتۆ: 
2019-12-10

5702 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی سلێمانی لەسەر نوێکردنەوەى مۆڵەتى شۆفێرى ‌روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیارى نوێى پێبژاردنى مۆڵه‌تی شۆفێری لە ئێستادا جێبەجێناکرێت و بۆ مانگى دوانزەى ساڵى ٢٠٢٠ دواخراوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "دوابه‌دوای ده‌رچوونی فه‌رمانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم له‌(١٨/١١/٢٠١٩)، سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنی پێبژاردن (غه‌رامه‌)ی به‌سه‌رچوونی مۆڵه‌تی شۆفێری به‌بڕی (٣٠) هه‌زار دینار بۆ هه‌ر ساڵێك دواكه‌وتن، قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر خراوەتە‌ سه‌ر (به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌شی مۆڵه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی)، له‌كاتێكدا له‌پێش ئه‌و بڕیارەوە‌، ژماره‌ی هاوڵاتیان كه‌ سه‌ردانی به‌شی مۆڵه‌تیان كردووه‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی رۆژانه‌ له‌نێوان (٤٥٠-٥٠٠) كه‌سدا بووه‌، به‌ڵام له‌دوای ده‌رچوونی ئه‌و ڕێنماییه‌وه‌ ژماره‌كه‌ زیادیكردوه‌ بۆنزیكه‌ی (١٠٠٠) كه‌س."

ئاماژەبەوەشکراوە، له‌ ئێستادا سه‌رجه‌م مامه‌ڵه‌كان له‌هه‌مان رۆژدا وه‌ك پێشوو ته‌واوده‌بن، به‌ڵام به‌هۆی قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌وه‌ ماوه‌ی ته‌واوبوونه‌كه‌ی له‌ كاتژمێرێكه‌وه‌ بۆ دوو كاتژمێر و زیاتر زیادیكردوه‌، هه‌رچه‌نده‌ واده‌ی دیاریكراو بۆ جێبه‌جێكردنی ئەو فرمانەى وەزارەتى ناوخۆ (٥-١٢-٢٠٢٠)ه‌ وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ پێش ئه‌و به‌رواره‌ مۆڵه‌ته‌كه‌یان به‌سه‌رچووه‌.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت هاتوچۆی هەرێم بڕیاریدا هەر کەسێک مۆڵەتەکەى بەسەرچووبێت و نوێی نەکردبێتەوە بۆ هەر ساڵێک لە بەرواری بەسەرچوونەکەیەوە بڕی ٣٠ هەزار سزای دارایی بدات.

ب.ب