سەردێڕ:

کەرکوک.. بەرپرسێکى کورد ڕووبەڕووى دادگا کرایەوە

فۆتۆ: 
2019-12-10

7183 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی نەزاهەی عێراق ڕایگەیاند، بەتۆمەتی وەرگرتنی پارە، چوار بەرپرسی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک کە یەکێکیان کوردە، ڕووبەڕووى دادگاکراونەتەوە و دواتر بە کەفالەت ئازادکراون.

ئەمڕۆ، ١٠ی کانونى یەکەمى ٢٠١٩، دەستەی نەزاهەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا، باس لە دەستگیرکردنی چوار بەرپرسی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، کە یەکێکیان کوردە، دەکات.

ئەوەش هاتووە، دوای لێکۆڵینەوەکان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە یاریدەدەرى بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک و بەرپرسی لیژنەی دامەزراندن، هەروەها بەرپرسی ژووری یاسایی فەرمانگەکە لەگەڵ دوو کەسى دیکە کە لە بەرێوەبەرایەتى پلاندانی فەرمانگەی گشتی تەندروستی کەرکوک بوون دەرکراوە.

هاوکات، دەستەی نەزاهە ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش وەرگرتنی وتەی تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا، بە بڕی دە ملیۆن بارمتەی دارایی و دوو کەفیل ئازادکراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە و لە سەرەتای تشرینی یەکەمەوە، دەستەی نەزاهەی عێراق دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی عێراق کە بەشی یاسایی دەستەکە بە تۆمەتباری بەهەدەردانی سامانی گشتی و خراپ بەڕێوەبردنی دەزانن.

ب.ب