سەردێڕ:

دیندار زێباری: زیاتر لە سێ هەزار رفێندراوى ئێزدی رزگاركراون

فۆتۆ: 
2019-12-10

1086 جار خوێندراوەتەوە

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانى هەرێم ڕایگەیاند، تا ١٨ى مانگى رابردوو زیاتر لە سێ هەزار و ٥٢٤ رفێندراوى ئێزدی رزگاركراون و هەزار و ٢٠٠ كەسیشیان نێردراون بۆ ئەڵمانیا بەمەبەستى راهێنانى دەروونی.

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەكانی JCC زیاتر لە یەك ملیۆن و ٣٧ هەزار ئاوارە لە هەرێمدا بونیان هەیە و هەروەها ئەو ٣٩ كەمپەشى لە هەرێم هەبوون، هەمویان ماون نەك كەمیان نەكردووە، بەڵكو زیاتریش بوون".

ڕاشیگەیاند، هەرێمى کوردستان پێشوازی لە ١٣٥ هەزار ئاوارەی مەسیحی كردووە وهەروەها ٣٦٠ هەزار ئاوارەی ئێزدیش کە تا ئێستا بەشی زۆریان لە کەمپەکانى هەرێمدا ماونەتەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، دەربارەى رادەستكردنی چەکدارە  دەزگیرکراوەکانى داعش بە حكومەتی فیدراڵ، تا ئێستا ئەوانەی لە ئاسایشی هەولێرەوە رادەستكراون ژمارەیان گەیشتوتە ١٢٢٥ دەستگیرکراو.

لە سێى ئابى ساڵى ٢٠١٤ ئێزدییەکان کەوتنە بەر دڕەندەترین هێرشى چەکدارانى داعش کە هەزاران کەسیان لەلایەن چەکدارانى ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەوە کوژران و هەزاران کچ و ژنى ئێزدییەکانیش رفێندران کە هێشتا نزیکەى سێ هەزاریان نەگەڕێندراونەتەوە بۆ زێدى خۆیان.

ب.ب