سەردێڕ:

بورهان مەجید: بەشێوەی جیاجیا هەڕەشەی کوشتنم لێدەکرێت

فۆتۆ: 
2019-12-10

25043 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ بورهان مەجید، ئاماژە بەوەدەکات بەچەند ڕێگەیەکی جیاواز هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ بورهان مەجید دەڵێت، "ماوەی چەند ڕۆژێکە لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە بە شێوازی جیاجیا هەڕەشەی کوشتن و تۆقاندنم لێدەکرێت".

لە بارەی جۆری هەڕەشەکانەوە بورهان مەجید وتی "جگە لەوەی بە تەلەفۆن و فەیسبووک هەڕەشەم لێدەکەن، کەسانی نەناسراویش دێنە شوێنی کارەکەم و هەڕەشەی کوشتنم لێدەکەن".

ئەو هونەرمەندە هۆکاری هەڕەشەلێکردنەکەشی بۆ هەڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی و ئەو ڕەخنانە دەگێڕێتەوە کە لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویان دەکاتەوە.

لەبارەی ئەو کەسانەوە کە هەڕەشەی لێدەکەن، ئەو هونەرمەندە گومانی تەنها لە پیاوانی دەسەڵاتە و ئامادەش نییە، لە هەڵوێستەکانی پاشگەزبێتەوە و دەڵێت "چۆک دانادەم بۆ پیاوەکانی دەسەڵات و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانی کوردستان کە رۆژانە لەڕێگەی پیاوەکانیانەوە هەڕەشەی کوشتنم لێدەکەن."

بورهان مەجید ساڵی ١٩٦٠ لەدایکبووە، ساڵانێکی زۆرە لە بواری هونەری گۆرانیوتندا بەردەوامە و چەندین ئەلبووم و ڤیدیۆکلیپ و گۆرانی تۆمارکراوی هەیە، یەکێکە لە گۆرانییبێژە دیارەکانی کوردستان و هەوادارێکی زۆری هەیە، لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ساڵی ٢٠١١ بە گۆرانییە نیشتمانییەکانی پشتگیریی لە خۆپیشاندەران دەکرد.