سەردێڕ:

​بەغدا..ئەمڕۆ ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانی پێنج ملیۆنی دەكرێت

دۆخی عێراق
فۆتۆ: 
2019-12-10

2259 جار خوێندراوەتەوە

 پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، خۆپیشاندەران لە بەغدا ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانی پێنج ملیۆنی دەكەن.

ئومێد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، بەمەبەستی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆ، خۆپیشاندەرانی شارەكانی دیكەی عێراق روویان لە بەغدا کردووە.

روونیشیکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە خۆپیشاندانی پێنج ملیۆنی بەڕێوەبچێت، هاوکات، خۆپیشاندەران و كەسوكاری كوژراوەكانی ڕۆژانی پێشوو لە گۆڕەپانی تەحریر بە گێرانی پرسە و هەڵدانی خێمە درێژە بە خۆپیشاندانەكان دەدەن و لە ئێوارەی  دوێنێوە پۆل پۆل خەڵكی ڕوو لە گۆڕەپانەكە دەكەن

لەلایەکی دیکەوە، خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بە ئێن ئاڕتییان راگەیاند، تەنها بەدەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی ڕازینابن و پێویستە ئەو کەسانەی تەقەیان لە هاوڵاتییان کردووە دادگای بکرێن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ٢٥ تشرینی یەکەمەوە خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نزیکەی ٥٠٠ کەس کوژراوە و نزیکەی ١٥ هەزاری دیکەش برینداربوون.