سەردێڕ:

ترەمپ ڕووبەڕووی سێ تۆمەت بووەتەوە

فۆتۆ: 
2019-12-10

3162 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا ڕووبەڕووی سێ تۆمەت بووەتەوە کە مەترسی لەسەرکارلادانەکەی زیاتر دەکەن.

ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆست لە زاری چەند بەرپرسێکى ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، تۆمەتی یەکەم کە ڕووبەڕووی ترەمپ بووەتە بریتییە لە  خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی وەک سەرۆکى ئەمریکا و تۆمەتی دووەمیش بریتییە لە ڕێگری دروستکردن بۆ کارەکانی کۆنگرێس.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تۆمەتی سێیەمیش بریتییە لە کێشە دروستکردنی بۆ سیستمی دادوەری و دادگاکانی ئەمریکا بەشێوەیەک مەترسی لەو بوارەدا دروستکردووە.

ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان وتووە، لە ئێستا لیستى تۆمەتەکانی ترەمپ هێشتا کراوەیە و ئەگەری ئەوە هەیە تۆمەتی دیکەشی بۆ زیادبکرێت.

ماوەى چوار مانگە دیموکراتەکان لە ناو کۆنگرێس هەوڵی ئەوە دەدەن ترەمپ لەسەرکار دووربخەنەوە بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی و پێدانی بەرتیل بە وڵاتی ئۆکرانیا لە قازانجی خۆی و دژایەتی ڕکابەرێکی.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٤ی ١٢ی ٢٠١٩، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دانیشتنێکی لەسەر ئەو بابەتە کرد کە ترەمپیش بانگهێشتکرابوو، بەڵام ڕەتیکردەوە بەشداری تێدابکات، تاووتوێی چەند ڕاپۆرتێک کرا کە لەلایەن لیژنەی دادوەریی و لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئامادەکراوە و تێیدا، مارک ساندی، کە بەرپرسێکی بەشی بودجەیە لە کۆشکی سپی، دانی بەوەداناوە کە دوو بەرپرسی دیکەی بەشی بودجە، بەهۆکاری ئەوەی کە داواکەی ترەمپیان بۆ بڕینی هاوکاری سەربازیی ئۆکرانیا، بە شکاندنی یاسای بودجەی ساڵی ١٩٧٤ زانیوە، دەستیانلەکارکێشاوەتەوە.

 

هاوکات، لە ڕاپۆرتەکەدا بە بەڵگەوە ئەوە خراوەتەڕوو، کە ترەمپ کورسی سەرۆکایەتی بۆ مەرامی تایبەتی بەکارهێناوە بەوەی زیاتر لە جارێک فشاری لە بەرپرسان و کارمەندانی کۆشکی سپی کردووە تا شایەتی لە دژیدا نەدەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، ترەمپ داوای دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە ئۆکرانیا کردووە.

دۆناڵد ترەمپ، زیاتر لە جارێک ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە و تۆمەتبارکردنەکەی بە سوکایەتیکردن بە سەرۆکی ئەمریکا دەزانێت.