سەردێڕ:

خوێندنی باڵا دانی نا بە بڕوانامەی زانکۆکانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمدا

فۆتۆ: 
2019-12-09

2149 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم دانی نا بە بڕوانامەی هەندێک لە زانکۆ کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا.

 لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بۆ سەرۆکاییەتی ئەنجومەنی وەزیران نێردراوە، تیایدا هاتووە دوابەدوای نووسراوێکی ساڵی ٢٠١٥دا، کە گشتاندنی پێکراوە و "تایبەتە بە نەدانی ئیمتیاز بە دەرچووانی ژمارەیەک لە زانکۆی کۆلێژی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، (حەدباء، نور، قەلەم، کیتاب و چەند زانکۆیەکی دیکە)، کە هەندێک تێبینی زانستی و کارگێڕی هەبووە لەسەر ئەم دامەزراوانە".

 لە نووسراوەکەدا باس لەوە کراوە، "دوای دیراسەکردنی لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، دەرکەوتووە دەکرێت ئیمتیازات بە دەرچووانی ئەم زانکۆ و کۆلێژانە بدرێت".

 ئاماژەش بۆ ئەوە کراوە، "ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هەتا ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ وەرگیراون".

 لەو بارەیەوە داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە گشتاندنێکی دیکە بۆ سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا حکومییەکان بکرێت، بە مەبەستی پێدانی ئیمتیازات بۆ دەرچووانی ئەم دامەزراوانە".

 ئەو بڕیارەش لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدابوو بەوەی کار بە بڕوانامەکانی ئەو زانکۆیانە نەکات، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ناڕەزایەتی دەرچووانی ئەو زانکۆیانەی لێبکەوێتەوە و لە ماوەی ڕابردووشدا بەشێک لە دەرچووانی ئەو زانکۆیە خۆپیشاندانییان ئەنجامدا.

هـ.ئـ