سەردێڕ:

چیرۆکێکی جیاوازی خۆشەویستی نێوان دوو بەساڵاچوو

فۆتۆ: 
2019-12-09

3351 جار خوێندراوەتەوە

دوو بەساڵاچوو دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٣ لە بەندیخانەی نازییەکان یەکیان ناسیوە، یەکتریان خۆشویستووە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ٧٥ ساڵ یەکتریان بینیوەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کە چیرۆکی دوو خۆشەویستی خستووەتە روو، ویسنیا کاتێک تەمەنی ١٧ ساڵ بووە لەگەڵ سپیتزری تەمەن ٢٥ ساڵ یەکتریان خۆشویستووە، بۆ یەکەمجاریش لە بەندیخانەی یەهودییەکان لە پۆڵەندا یەکتریان ناسیووە و پەیوەندییە سۆزدارییەکەیان دروستکردووە.

کوڕەکە بەهۆی دەنگە خۆشەکەیەوە توانیویەتی لە بەندیخانە ڕزگاری بێت، کچەکەش بەهۆی شارەزاییەکانی لەبواری دیزاین و ڕێکخستنی کاری سەربازەکان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا نەسەپێنراوە و توانیویەتی بە ئازادی لە بەندیخانەکەدا هاتوچۆ بکات.

ئەم دوو خۆشەویستە لە بەندیخانەی نازییەکان پێش ئازاد بوونیان بەردەوام لە ژووان دانان، دوای ئاشکرابوونی پەیوەندییەکەیان کراونەتە بەندیخانەوە، بڕیاریان دابوو دوای ئازادبوونیان لە پایتەختی پۆڵەندا یەکتر ببیننەوە، بەڵام ئەم یەکتر بینینەوەیە ٧٥ ساڵی بەسەردا تێپەڕی.

دوای ٧٥ ساڵ لە نیویۆرکی ئەمریکا یەکتریان بینیوەتەوە، کە هەردووکیان چوونەتە تەمەنەوە، کوڕەکە بەهۆی گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان ئەوکات توانیویەتی لە بەندیخانە هەڵبێت و پێش ئەوەی خانەوادەکە بۆ ئەمریکا کۆچ بکەن، چووەتە ئەوروپا.

کچەکەش دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم ئازاد بووە و هاوسەرگیری کردووە، دواتر چووەتە ئەمریکا، هەریەک لەو دوو خۆشەویستە دابڕاوە بە جیا هاوسەرگیرییان کردووە و خێزانیان پێکهێناوە.

لە ساڵی ٢٠١٦ بەهۆی کوڕی ویسنیا، پیاوەکە سەردانی خۆشەویستە کۆنەکەی کردووە، بەڵام کاتێک بینیویەتییەوە، ئافرەتەکە پیر و نەخۆش بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوسەرەکەی چەند ساڵێک دەبێت کۆچی دوایی کردووە.

ئافرەتە بە ساڵاچوویەک بە خێرایی خۆشەویستە کۆنەکەی دەناسێتەوە، کە پێنج جار لە مردن ڕزگاری کردووە، هۆکاری مانەوەشی لە ژیان گەڕاندەوە بۆ هاوکاریکردنی سەربازە نازییەکان، هەروەک خۆی ئاشکرایکردووە ئەگەر هاوکاری سەربازەکانی نەکردایە لە هەر کاتێکدا بووایە دەیانکوشت.

 لەدوای بینینەوەی خۆشەویستەکەی ئافرەتە بەساڵاچووەکە داوای لە خۆشەویستەکەی کردووە ئەو گۆرانییەی بۆ بڵێ کە لە ساڵانی چلەکانی ڕابردوو فێریکردووە.

پیاوەکە تەنها جارێک سەردانی خۆشەویستە کۆنەکەی کردووەتەوە، ئافرەتەکە دوای ساڵێک لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.