سەردێڕ:

وەزارەتی شارەوانی: لە ڕێگەى پڕۆژەیەکەوە كێشەی ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەردەكرێت

فۆتۆ: 
2019-12-09

2034 جار خوێندراوەتەوە

لەڕێگەی گرێبەستێكی هاوبەشی نێوان هەرێم و ژاپۆن پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی هەولێر بە بڕی ٢ ملیار دۆلار واژۆكراو وەزارەتی شارەوانیش دەڵێت كێشەی ئاوەڕۆی شارەکە چارەسەردەبێت.

 وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاندووە، لەمەراسیمێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر  بەرێوەچووە، گرێبەستێكی خزمەتگوزاری لەنێوان ئاژانسی جایكای ژاپۆنی و حكومەتی هەرێم  بۆ پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی هەولێر واژۆكرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانیش ڕایگەیاند، "پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی هەولێر لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی قەرزی نێوان عێراق و ژاپۆنە و لە لایەن ئاژانسی (جایكا)وە جێبەجێ دەكرێت".

 سەبارەت بە گرنگی پڕۆژەكە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتیشی، "پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە هەولێر پڕۆژەیەكی ستراتیژیی گەورەیە و بە چوار قۆناغ جێبەجێ دەكرێت و كۆی تێكڕای گوژمەكانی دەكاتە ٢ ملیار دۆلار، لە ئێستادا قۆناغی یەكەمی بە كۆی تێچووی نزیكەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار و لە ماوەی ٣ ساڵدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

 ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم گرێبەستەی كە واژۆ دەكرێت، دەستپێكی سەرەتای پڕۆژەكەیە و بڕەكەی نزیكەی ٣٠ ملیۆن دۆلارە و تا ماوەی ٧٧ مانگ دەخایەنێت.

 بەوتەی وەزیری شارەوانی، ئەم پڕۆژەیە چارەسەری كێشەكانی ئاوەڕۆ و ئاوی قورس لە هەولێر دەكات، بە دروستكردنی هێڵە سەرەكییەكانی ئاوەڕۆی قورس بە درێژایی ٧٥ كم و هەروەها دروستكردنی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورس لە دووری ١١ كم لە سەنتەری شارەكەوە، كە توانای چارەسەركردنی ١٠٥,٠٠٠ مەتر سێجای ئاوی قورسی لە رۆژێكدا هەیە.

پارێزگاى هەولێر بەهۆى هەڵکەوتە جوگرافیاییەکەیەوە کە زۆربەى شوێنەکانى تەختاییە زۆرترین کێشەى ئاوەڕۆى هەیە و ساڵانە لە وەرزى بارانباریندا زۆربەى گەڕەکەکانى ئەو شارە بە شێوەیەکى باش ئاوەڕۆکانیان ناڕوات.

إ.م