سەردێڕ:

وێنە.. بۆ یەکەمجار نهێنی جانتاکەی پوتین ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2019-12-09

36255 جار خوێندراوەتەوە

کەناڵی زوێزدای سەر بە حکومەتی ڕوسیا بۆ یەکەمجار جانتاکەی پوتینی نیشاندا کە توانای هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی هەیە.

تەلەفزیۆنی زوێزدای ڕوسی لەڕێگای شارەزایەکەوە شیکاریی بۆ جانتاکە کردووە و ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، جانتاکەی ڤلادمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا لە ڕوسیا بە "چێگت" ناسراوە کە ئەو ناوەش لە شاخی چێگت، هەرێمی بەڵکاری ڕوسیاوە هاتووە.

هاوکات، جانتاکە ژمارەیەکی نهێنی و فلاش کاردێکی لەسەرە کە لە هەر ساتێکی ٢٤ کاتژمێرەکە لە ڕۆژێکدا توانای چالاکبوونی هەیە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پوتین بە ژمارە، هەمیشە سێ جانتای ئەتۆمی لەگەڵدایە کە یەکێکیان خۆی دەتوانێت هەڵیبگرێت و دوانەکەی دیکەش لەلایەن پاسەوانە زۆر تایبەتەکانییەوە، هاوکات قەبارەی هەر جانتایەک هێندەی قەبارەی لاپتۆپێک دەبێت و پوتین، بە ناردنی کۆدێکی مۆڵەتپێدان بۆ دامەزراوە موشەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، دەتوانێت موشەکی ئەتۆمی ئاڕاستەی هەر شوێنێک کە بیەوێت بکات و جەنگی ئەتۆمی لە هەرساتێکدا هەڵبگیرسێنێت.

شیکەرەوەکەی کەناڵە ڕوسییەکە باسی لە چەند دوگمەیەکی ناو جانتاکە کردووە کە هەریەکە و بەرپرسە لە ئەنجامدانی فەرمانێک، بەڵام لە هەمووی گرنگتر باسی لە دوگمەیەکی سپی کردووە کە پاش دانانی ژمارەی نهێنی و هەر بە پەنجەپێدانانی، ڕاستەوخۆ فەرمان بە هەڵگیرساندنی جەنگی ئەتۆمی دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر میدیاکان جانتا ئەتۆمییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بە "فوتبۆڵ – تۆپی پێی ئەتۆمی" ناسراوە بڵاوکردەوە و لە بەراوردی جانتاکانی ئەو دوو سەرۆکەشدا جیاوازییەکە ئەوەیە کە، جانتاکەی پوتین ڕاستەوخۆ دەتوانێت جەنگی ئەتۆمی هەڵبگیرسێنێت، لەکاتێکدا جانتاکەی ترەمپ تەنیا فەرمانەکە بۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، پنتاگۆن دەنێرێت و ئەوان ئیشی خۆیان دەکەن.