سەردێڕ:

هەوڵى دادگاییکردنى وەزیری بەرگری عێراق دەدرێت

فۆتۆ: 
2019-12-08

3048 جار خوێندراوەتەوە

بە تۆمەتی پێدانی زانیاری ناڕاست حکومەتى سوید لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی وەزیری بەرگری عێراق.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک لە ئاشكراکردنی گوایە، نەجاح شەمەری لە سوید وەک نەخۆش خۆی ناساندووە و بیمەی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە، بەڵام  لە عێراق بووەتە وەزیری بەرگری، هێشتا بابەتەکە لە وڵاتی سوید لەئاستی حکومەت و پەرلەمان و داوکاری گشتی گرنگی پێدەدرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

دۆسیەی نەجاح شەمەری تەنها لە بابەتێکی کۆمەڵایەتیدا نەماوەتەوە و بووەتە بابەتێکی سیاسی، بە پێی زانیارییەکانی کەناڵی فەرمی سوید لە نوێترین کاردانەوەدا بەرپرسی كاروباری ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست لەوەزارەتی دەرەوەی سوید و باڵیۆزی سوید لە بەغدا سەردانی وەزیری بەرگری عێراقیان كردووە و باسی ئەو تۆمەتانەیان کردووە كە ڕوبەڕوی كراوەتەوە لەسوید٠

هەرچەندە کۆبوونەوەکە بە نهێنی بووە و شەمەری لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە، بەڵام سویدییەكان بە ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە كە وەفدەکە شەمەرییان بینیوە و باسی ئەو گومانانە و هێزە سەربازیە مەشقكەرەكانی سویدیان كردووە٠

ئەم سەردانەی بەرپرسی كاروباری ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست لەوەزارەتی دەرەوەی سوید و باڵوێزی سوید لە بەغدا، لە کاتێکدایە سوید ترسی ئەوەی هەبوو وەزیری بەرگری عێراق لە تۆڵەدا و بۆ فشار خستنەسەر سوید، ئەو تیمە پسپۆڕە سەربازییە سویدیەی کە چەن ساڵێكە لە عێراقن و مەشق بە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەكەن دەستبەسەربکات٠

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو هێزەی سوید لە ژێر بڕیاری هاوپەیماناندا كاردەكات و فەرمان لە ئەمریكا وەردەگرێت نەك عێراق، لەهەمانكاتدا بە ئاگاداری شەمەری نەبێت هیچ مەشقێك بە سوپای عێراق ناكرێت.

شەمەری لە ساڵی ٢٠١٩دا لەلایەن كوتلەی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری دەستنیشانكرا، ئەو كوتلەیە لەو كاتەدا نكۆڵی لەوە كرد نەجاح شەمەری ڕەگەزنامەی سویدی هەبێت.

سکاڵا و ناڕەزایی و داوکارییەکان دژی نەحاج شەمەری لە سوید لە ئاستێکی فراواندایە، حزبەکان و پەرلەمانتاران و داواکاری گشتی لە سوید جەخت لە دادگایی کردنی شەمەری دەکەنەوە.

نێلسا سریفێر داواکاری گشتی سوید ئاماژەی بەوەکردووە، چەندین سکاڵایان لەوبارەیەوە پێگەیشتووە، یەکێتی نەتەوەیی بۆ تاوانە رێکخراو و نێودەوڵەتییەکان چۆنیەتی بەردەوامیدان بە لێکۆڵینەوەکانی لەوبارەیەوە تاوتوێ دەکات و لێکۆڵینەوەکانیش لە قۆناغێکی سەرەتاییدان.

لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەدا وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەواڵانەى رەتکردەوە و بە ناشرینکردنى وەزیرەکە ناوى برد، لەسەر ئەو تۆمەتانەش وەزیری بەرگریی عێراق پارێزەرێکی گرتوە، بۆ ئەوەی سکاڵا لەسەر ئەو ڕۆژنامە و میدیایانە تۆماربکات کەو ئەو تۆمەتانەیان ئاڕاستە کردووە.

جگە لە تۆمەتی پێدانی زانیاری ناڕاست و خۆنەخۆش خستن و وەرگرتنی بیمەی کۆمەڵاتی لەو وڵاتە، لە ئێستادا بە تۆمەتى پشتیوانیکردنى دەسەڵاتێک، کە تاوانبارە بە گەندەڵى و بەرپرسی سەرەکییە لە کوشتن و بریندارکردنی چەندین خۆپیشاندەر لە عێراق، حکومەتى سوید داواى لە شەمەرى کردووە ئامادەى لێکۆڵینەوەبێت.

هەر چەندە ئەمە تاوانێكە دورنیە سزای زیندانی هەمیشەیی لێ بكەوێتەوە، بەڵام بەپێی یاساکانی سوید نابێتە هۆی لێسەندنەوەی رەگەزنامەی ئەو وڵاتە.

نەجاح شەمەری تەمەنی ٥٢  ساڵە، لە ناوچەی ئەعزەمیەی بەغدا لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستی سەربازی و ماستەری لە پلاندانانی سەربازیدا هەیە، لە ساڵی٢٠٠٩ دا چووەتە سوید و لە ساڵی ٢٠١٣ داواکاری مافی پەنابەری رەتکراوەتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ ڕەگەزنامەی سویدی وەرگرتووە. شەمەری پێشتر لە سەردەمی ڕژیمی بەعسدا ئەفسەربووە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە چەندین پلە و پۆستی سەربازی وەرگرتووە، بووەتە جێگری سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر،  لە ئێستادا وەزیری بەرگریی عێراقە.