سەردێڕ:

سلێمانى.. پرۆژەی هەنگاوی ڕێز گەیشتە دەرمانخانەکان

فۆتۆ: 
2019-12-08

2823 جار خوێندراوەتەوە

پرۆژەی هەنگاوی ڕێز کە لەلایەن هونەرمەندێک و بە هاوکاری کەناڵی ئێن ئاڕ تی دوو دەستی پێکردووە، گەیشتە دەرمانخانەکان و هاوڵاتییان دەتوانن سودمەندبن لێی.

 پرۆژەی هەنگاوی ڕێز لەلایەن هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا و کەناڵی ئێن ئاڕتی دوو، دەستی پێکراوە و نزیکەی دوو مانگە بەردەوامە، هاوکات هەنگاو بەهەنگاو خەریکە کەرتە جیاوازەکان دەگرێتەوە.

ئێستا دەرمانخانەکانیش خەریکى دانانى بۆردى تایبەت بە پرۆژەى هەنگاوى ڕێزن، کە بۆ هاوکاریکردنى هەژارانە و لە یەکەم رۆژیشدا ٥ دەرمانخانە بەشدارى پرۆژەکەن.

 پرۆژەى هەنگاوى ڕێز پرۆژەیەکى خێرخوازیە، هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا، بە هاوکارى کەناڵى ئێن ئاڕتى دوو پێى هەستاوە، پرۆژەکە بەجۆرێکە لە خواردنگە و دەرمانخانە و دوکانى جلوبەرگ و تەواوى دوکانەکانى دیکە هاوڵاتیان بەشدار دەبن لە هەڵواسینى تکتێکى پارە و هەرکەسیش پێویستى پێی بێت، دەتوانێت بەکارى بهێنێت بۆ دەستکەوتنى پێداویستیەکانى.

 ئەحمەد جۆڵا باس لەوەدەکات پرۆژەکە زیاتر لە مانگێکە راگەیەنراوە و لە ئێستادا بەشێکى زۆرى چێشتخانەو نانەواخانە و مارکێت و دوکانى جلوبەرگ و دەرمانخانە و سەمونخانەکانى گرتوەتەوە و هاوڵاتیان زۆر پاڵپشتى دەکەن.

لەو بارەیەوە باریف زاھیر، سەرپەرشتیاری لقی سلێمانی سەندیکای دەرمانسازان رایگەیاندووە، "ئەو پرۆژەیە رۆژانە سەدان هاوڵاتى لێی سودمەند دەبن و کەمدەرامەتانیش بۆ لەمەودوا خەمى دەستخستنى ژەمێکى خواردن یان کڕینى پێداویستى رۆژانەو پزیشکیان نابێت، چونکە پرۆژەى هەنگاوى ڕێز هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵیان دەبێت بۆ کۆتایى هێنانى ئەو خەمەیان".