سەردێڕ:

ئەمریکا.. ژنێک لەناو فڕۆکەدا دوپشک پێوەیدا

فڕۆکەیەک لە هێڵی فڕۆکەوانی یونایتد
فۆتۆ: Getty
2019-12-08

7105 جار خوێندراوەتەوە

سەرنشینێک لەوکاتەی بە فڕۆکە لە سانفرانسیسکۆوە بۆ ئەتلانتا گەشتیکردووە، دوپشک پێوەی دەدات.

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ژنێکی سەرنشین لە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی یونایتدی ئەمریکی، لە گەشتی نێوان سانفرانسیسکۆ – ئەتلانتادا، دوپشک پێوەیداوە و دوای فریاگوزاریی سەرەتایی، گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرنشینەکە هەرلەوکاتەی چووەتە دەستشۆر، دوپشکێک لە پانتۆڵەکەیەوە بەربووەتەوە و گەستویەتی.

بەرپرسانی هێڵە ئاسمانییەکەش ئەوەیان وتووە، دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، دەستبەجێ سەرنشینەکەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە و لە نزیکیشەوە چاودێری دۆخی تەندروستی دەکەن تا بەتەواوەتی لە چاکبوونەوەی دڵنیادەبنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەگەرچی ئەم جۆرە ڕووداوانە کەم و دەگمەنن، بەڵام یەکەمجاریش نییە کە ڕووداوی لەوشێوەیە ڕوویدابێت و هەر لەسەرەتای ئەمساڵدا، پیاوێکی کەنەدی بەناوی ڕیچارد بێڵ، بەهەمان هێڵی فڕۆکەوانی لە تێکساسەوە بۆ کەنەدا گەشتیکردبوو، لەکاتی نان خواردندا، دوپشکێک لەسەروی خۆیەوە بۆ سەرمێزەکەی بەردەبێتەوە و بەوەش، کۆمپانیاکە وەکو قەرەبوو ئۆفەری گەشتکردنی خۆڕایی بۆ پیاوە کەنەدییەکە نارد و ئەویش لێیان خۆشبوو.

هـ.ب