سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. مامۆستایەک بۆفێربوونى خوێندکارەکانى لەناوپۆلدا نان دەکات

فۆتۆ: 
2019-12-07

22901 جار خوێندراوەتەوە

وانەى یەکەم کوردییەو پیتى نەن دەخوێنن، مامۆستاش دەچێتە ژورەوەو لەگەڵ پەرتووكەكەیدا تیرۆك ودەرخۆنەشی پێیەو لەپۆلەكەدا نان دەكات.

وانەی خوێندکارەکان پیتی نونە، بۆیە مامۆستاکە دەیەوێت نانیان بۆبکات تا پیتی نون لایان  باشتر بناسرێت و ئەوپێكهاتانەش بناسێنێت کە نانی لێدروست دەکرێت، وەک گەنم و ئاردو هەویر.

پەخشان خدرماوەی ۲٦ ساڵە وەک مامۆستا وانە دەڵێتەوە ساڵانێکیشە  بەم شێوەیە وانەکانی بە  خوێندکاران دەڵێتەوە.

لە خوێندنگای ژینی بنەڕەتی لە کۆیە هەر ئەم مامۆستایە نیە کە بەم شێوەیە وانەکەی بە خوێندکاران دەڵێتەوە تا خوێندن لە بابەتەتێکی وشکەوە بگۆڕن بە خۆشی و شادی و گۆرانی،  بەڵکو زۆربەی مامۆستاکانی تر لەو بابەتەی بۆ خوێندنکارانی باس دەکەن ، نمونەی بابەتەکەش دەخەنە بەردەستی خوێندکاران تا زووتر و باشتر بابەتەكەیان پێبگات.

لە پۆلێکی تری خوێندنگاکە باسی  پیتی( ب ) یە،  مامۆستاکەش کەبابی هێناوەتە پۆل تا بە خوێندکارەکان بڵێت پیتی ب لە کەبابداهەیە، خوێندکارەکانیش بە دەم کەباب خواردنەوە خوشحاڵی خۆیان لەم شێوازی وانەوتنەوەیە  دەردەبڕن.

لە خوێندنگای ژین جگە لە جیاوازی شێوازی وانە وتنەوە هەندێك جیاوازی دیكەش بەدیدەكرێت، بۆنمونە کاتێک کە خوێندکار دەیەوێت لە فرۆشگای خوێندنگاکە شتێک بکڕێت و بیخوات ، دەبێت لەسەر سفرە دابنیشێت و  بیخوات،  کە مەبەست لێ ی پاک و خوێن ڕاگرتنی خوێندنگاكە.

هەروەها سندوقی ئاگایی دانراوە  تا خوێندکاران و کەس و کارەکانیان هەر تێبینیەکیان هەبێت لەوێ بینوسن.

نیگار ڕەشید بەڕێوەبەری خوێندنگاکەش دەڵێت "هەر مامۆستایەکی تازەش بێتە خوێندنگەکەمان هاوکاری دەکەین تا بەم شێوازەی ئێستا وانەکانی بڵێتەوە".

 خوێندنگای ژینی بنەڕەتی تێکەڵاو  لە ساڵی ۲۰۰۷ دامەزراوەو لە ئێستادا دەوامی بەیانیان و ئێوارانی تێدادەکرێت و لە  ٥۰۰ خوێندکارو ٥٥ مامۆستا پێکهاتوە.