سەردێڕ:

سەدر دووبارە ھێزێکی چەکداری دروستكردەوە

فۆتۆ: 
2019-12-07

6186 جار خوێندراوەتەوە

سەرایا سەلام، ئەوھێزە چەکدارەیە کەبەفەرمانی موقتەدا سەدر جارێکی دیکەو بەناوی پاراستنی خۆپیشاندەرانەوە لەگۆڕەپانی سیاسی و سەربازی عێراقدا دەرکەوتنەوە.
ئەگەرچی لەماوەی ڕابردوودا موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد بچنە ناو خۆپیشاندانەکانەوە، بەڵام ئێستا داوای لە ھێزە چەکدارەکانی خۆی بە ناوی سەرایا سەلام کردووە، بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران بچنە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکانەوە.
سەرەتای دروستبونی ھێزی سەرایا سەلام دەگەڕێتەوە بۆ کاتی ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەو کاتە سەدر ھێزێکی سەربازی بە ناوی مەھدی دامەزراند، ئەو ھێزە شەڕیان لە دژی ھێزەکانی ئەمریکا دەکرد، لە سەرەتادا ٥٠٠ سەرباز بوون لە لایەنگرانی شیعە مەزھەبی سەر بە موقتەدا سەدر.
لە ساڵی ٢٠٠٨ ھێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراق ھێرشێکیان لە دژی ھێزی چەکداری مەھدی دەستپێکرد، ئەوەش ھۆکارێک بوو بۆ لاوازبوونی ھێزەکەی سەدر.
دواتر و لە ساڵی ٢٠١٤ لە سەروبەندی شەڕی داعشدا، موقتەدا سەدر ھێزەکانی یەکخستەوە و ئەمجارە ھێزە چەکدارەکەی لەژێر ناوی سەرایا سەلام ڕاگەیاند، کە لە ئێستادا نزیکەی ٦٠ ھەزار ئەندامی ھەیە، لەو ساڵەدا ئەو ھێزە ڕۆڵیان ھەبوو لە ڕووبەڕوبوونەوەی داعشدا.
ھاوکات لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ئەو گروپە چەکدارە بە فەرمانی سەدر لەگەڵ ھێزەکانی حەشدی شەعبی، ھێرشیان کردە سەر شاری کەرکوک.
لە مانگی حەوتی ئەمساڵیش لەدوای ئەوەی عادل عەبدولمەھدی داوای کرد ھێزە چەکدارە شیعەکان ھەڵبوەشێنرێنەوە و بچنە ژێر چەتری ھێزە چەکدارەکانی دەوڵەت، سەرایا سەلام پابەندبونی خۆی بە داواکەی عەبدولمەھدییەوە ڕاگەیاند و ناوی ھێزەکەی گۆڕی بە سەرایا ٣١٣ و ٣١٤.
لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و باشوری عێراق، شەوی ٦ی ئەم مانگە موقتەدا سەدر داوای لە چەکدارانی رەوتەکەی کرد، کە بە (کڵاو شینەکان) ناسراون، بچنە ناو خۆپیشاندەران و پارێزگارییان لێ بکەن.
بە پێی میدیاکانی نزیک لە سەدر، ئەرکی کڵاوشینەکان پاراستنی خۆپیشاندەرانە لەو ھێزە چەکدارە نەناسراوەی لەناو خۆپیشاندەران بڵاوبونەتەوە.
ھاوکات، ھێزەکانی سەرایا سەلام ئەوەیان ڕاگەیاند، لە گرژی و ئاڵۆزی و ڕوبەڕوبونەوەکانی شەوی ھەینیدا، چوار سەربازیان لێ کوژراوە. ئاماژەیان بەوەش کرد، چەکدارێکیان لەوانە دەستگیرکردووە کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن.