سەردێڕ:

چیرۆکى ئەو زانایەی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ هەموو چركەكانی ژیانی تۆماركردووە

فۆتۆ: 
2019-12-07

9458 جار خوێندراوەتەوە

زانایەکی ئیسپانی هەمووچركەكانی ژیانی بۆماوەی ١٠ ساڵ  تۆماركردووە و لە وەڵامی سودی کارەکەشیدا دەڵێت " ئەم کارەم وادەكات مرۆڤ هەست بەتەمەنێكی درێژتر بكات و بتوانێت قوڵتر بیرلەژیانی خۆی بكاتەوە".

لەساڵی ٢٠١٠وە مۆریس فیلارویسی تەمەن ٤٠ ساڵ كە زانایەكی ئیسپانییە و لەزانكۆی مەدرید كاری مامۆستایی و لێكۆڵینەوەی زانستی دەكات، بڕیاریداوە هەموو چركەكانی ژیانی تۆماربكات، تەنانەت ئەگەر هیچ ڕووداوێكی ئەوتۆش تێیدا رووی نەدابێت و تەنها كاری دووبارەی ڕۆژانەشی تێدا كردبێت، مۆریس سەرەتا شەوانە پلانی بۆ كارەكانی ڕۆژی دواتری دادەناو لە دەفتەری تێبینییەكانیدا تۆماریدەكرد و دواتر بیری لەوەكردەوە سەرجەم كارو چالاكییەكانی ڕۆژانەی تۆماربكات، ئەوەش بەجۆرێك پاش تێپەڕبوونی هەموو ١٥ خولەكێك سەرجەم كارەكانی هەرخولەكێكی تۆماركردووە.

ئاژانسی "بی بی سی" چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ مۆریس ئەنجامداوە و لەبارەی هۆكارو سودی ئەمكارەی پرسیاری لێكردووە، لەوەڵامدا دەڵێت" ئەمكارەم تەنها بۆ ئەوە نییە ڕابردووم بیرخاتەوە، بەڵكو كاتێك یادەوەرییەكانی ساڵانی پێشووم دەخوێنمەوە، لەگەڵ ئەوەی جارێكی دیكە چێژ لە ساتە خۆشەكانی ژیانم دەبینمەوە، هەست بەوەش دەكەم كە تەمەنێكی درێژتر ژیاوم"، لەدرێژەی وەڵامەكەیدا ئەو زانا ئیسپانییە دەڵێت "بەمكارەم توانیومە ساڵانە ژیانم بەرەو باشتر بەرم، بەوەی كاتێك لەو چركەساتانە ڕائەمێنم كە لەكاری بێسوودا بەسەرمبردووە، بەشێوەیەكی سروشتی واملێدێت كە جارێكی دیكە كاتی خۆم لەو جۆرە كارانەدا بەسەرنەبەم و ئێستا چركەكان و كاتژمێرەكان لای من نرخێكی زۆرتریان هەیە لەو نرخەی لای كەسانی دیكە هەیانە".

ناوبراو دەشڵێت، "ئەمكارەم زۆر شتی لەژیانمدا بۆ باشتر گۆڕیوە و لەئێستادا پرۆگرامێكی باشی خەوتن و خواردن كاركردنم هەیەو كاتێكی زۆریشم بۆ پشودان و بازاڕكردن هەیە، مۆریس بەهۆی ئەمكارەیەوە زۆر لەژیانی خۆی ڕازییەو دەڵێت، "بەختەورترین كەسە".

ئەوزانا ئیسپانیا ئامۆژگاری خەڵكی دەكات بە دانانی پلان و تۆماركردنی كارەكانی ڕۆژانەیان دەتوانن ژیانیان باشتر بكەن و دەشڵێت "پڕچێژترین كات بەسەربردن بۆ حەوانەوەی بیرو جەستەش، تێڕامانە لەو چركەساتانەی كە تۆماركراون كەوەك ڕۆمانێكە مرۆڤ خۆی پاڵەوانی ناو ئەوڕۆمانەیە.

لەكۆتایی چاوپێكەوتنەكەی مۆریس لەگەڵ بی بی سی ووتەیەكی فەیلەسوفی ئیغریقی سوقراتی وەبیری خەڵكی خستەوە كەدەڵێت، "ئەو ژیانەی كە لەتێڕامانەكەی چێژ وەرنەگیرێت، شایەنی ئەوەنیە مرۆڤ تێیدا بژی".