سەردێڕ:

وەزارەتی کشتوکاڵ: نووسراوێکمان ساختە کراوە بۆ هاوردەکردنی بڕێکی زۆر دوگی قەدەغەکراوە

فۆتۆ: 
2019-12-07

2363 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ڕایگەیاند، نووسراوێکی ساختە بە ناوی وەزارەتی کشتوکاڵەوە نوسراوە بۆ هاوردەکردنی بڕێکی زۆر دووگی قەدەغەکراو.

 حوسێن حەمەکەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا و سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "کەسێکی ساختەکار، بە نووسراوێکی ساختە هەوڵی هاوردەکردنی بڕێکی یەکجار زۆر دووگی مەڕی بەستووی داوە".

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەو جۆرە دووگە زیاتر لە ۱۰ ساڵە هاوردەکردنی بە گوێرەی یاسای کەرەنتینەی ڤێتەرنەری لە سەرتاسەری عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە قەدەغەیە".

 ئەوەش خراوەتەڕوو "نووسراوەکە لەسەر کڵێشەیەکی ساختە دروستکراوە، کە جگە لە ساختەیی کڵێشەکە و لەیەکنەچوونی لەگەڵ کڵێشەی وەزارەتەکەمان، دەقی نووسراوەکەش پڕە لە هەڵەی تەکنیکی و ئیداری زەق، هەروەها ئیمزای ساختە بە ناوی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خراوەتە سەر نوسراوەکە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ کراوە"، باس لەوەشکراوە "ستافی گومرگی باشماخ وریاییانە دەرکیان بە ساختەیی نووسراوەکە کردووە".

 هاوکات ڕوونکراوەتەوە "دەست بە ڕێکاری یاسایی کراوە و لە ئێستاشدا لە پێناو بەڕێوەچوونی بەدواداچوونە یاساییەکان، تەنیا هێندە زانیاری دەخەینە بەردەست".

 ئەوەش لە دوای ئەوە هات سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ، لە پەرلەمانی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک باسی لەوە کردبوو، " کۆمپانیایەک بە نوسراوی ساختەى وەزیری کشتوکاڵ ویستویەتی ١٠ ھەزار تەن دوگی بەستوی قاچاخ هاوردەی هەرێم بکات".

هـ.ئـ