سەردێڕ:

ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکەی بەغدا بۆ ٢١ کەس بەرزبووە

دۆخی عێراق
فۆتۆ: 
2019-12-06

14745 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکەی بەغدا بۆ ٢١ کەس بەرزبووە.

ئومێد محەمەد، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، له‌ ئاکامی ده‌ستڕێژی گوللەی ژماره‌یه‌ك چەکداری نه‌ناسراو له‌ خۆپیشانده‌ران، ٢١ خۆپیشاندەر كوژران و ٧٣ کەسی دیكەش‌ برینداربوون.

راشیگەیاند، لە ئێتستادا دۆخی ئەمنی بەغدا و گۆڕەپانی تەحریر زۆر ئاڵۆزە و رووبەڕووبوونەوە بەردەوامە.

هاوکات، شاهێدحاڵەکان بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە پردی خەللانی نزیک لە پردی سەنک ناوەڕاستی بەغدا، لەنێو ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

بەوتەی شاهێدحاڵەکان، دوای رووداوەکە چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون، هاوکات خۆپیشاندەرانیش بەهۆی مەترسیی بۆسەر گیانیان بەرەو کۆڵانەکانی نزیک پردی خەللانی هەڵاتن.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق هۆشداری لە کۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخی خۆپیشاندانەکان دەدات و  رایگەیاند، "داوا لە ھێزە ئەمنیەکانی بەغدا دەکەین ھەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی دۆخەکە بدەن."

هاوکات، هێزەکانی سەرایا سەلام رایگەیاند، "چەکدارێکمان دەستگیرکردووە لەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووەو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەین."

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، نزیکەی٤٦٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزاری دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.