سەردێڕ:

بۆچی عەبدولمەهدی لەبرى جێهێشتنى پۆستەکەى دەستیلەكاركێشایەوە؟

دۆخی عێراق
فۆتۆ: 
2019-12-06

9530 جار خوێندراوەتەوە

لەیەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لەدوای دەستلەكاركێشانەوەکەى عادل عەبدولمەهدى هۆکارى دەستلەکارکێشانەوە و جێنەهێشتنى پۆستەکەى بەچۆلى ئاشکراکرد.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی حكومەتی عێراق، لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی لەوە کرد، ڕاوێژی بە ئەنجومەنی دادوەری و یاساناسان و شارەزایانی بواری دەستور كردووە و بۆی دەركەوتووە تەنها دوو بژاردەی لەبەردەمدا بووە، یان دەستلەكاركێشانەوە، یاخود بەجێهێشتن و چۆڵكردنی پۆستەكە بە بێ دەستلەكاركێشانەوە.

دەشڵێت، " ئەگەر بژاردەی دووەمم جێبەجێ بكردایە ئەوا سەرۆككۆمار شوێنی سەرۆكوەزیرانی دەگرتەوە و بەوەش بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەبوو".

وتیشی، لەپێناو ئارامی وڵات و بۆ پاراستنی خوێنی عێراقییەكان دەستی لە پۆستەكەیان كێشاوەتەوە.

سەبارەت بەوەی بۆچی لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە دەستیلەكارنەكێشایەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، "لەسەرەتای خۆپیشاندانەكاندا بارودۆخی وڵات بەجۆرێك خراپبوو نەدەكرا هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێم و ڕەنگە پشێوی و خوێنڕێژی زیاتر دروستببوایە."

 عەبدولمەهدی باسی لەوەشكردووە، ڕەوشی ئێستای عێراق بەرگەی حكومەتی كاربەڕێكەر ناگرێت و هیوادارە لەماوەی ئەو ١٥ ڕۆژەی دیاریكراوە سەرۆككۆمار كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی نوێ ڕابسپێرێت.

لە ٢٩ ى تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، عادل عەبدولمەهدی، لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كشاندەوە و، بەوەش حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بووە بە حكومەتی كاربەڕێكەر.