سەردێڕ:

کێ داهێنەری کارتۆنی هێلکەیە؟

هێلکە لەناو کارتۆندا (تەبەقی هێلکە)
فۆتۆ: گووگڵ
2019-12-06

5519 جار خوێندراوەتەوە

هەندێک بیرۆکەی سادە هەن کە بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەین، بوونەتە شتێکی بنچینەیی ژیانی ئەمڕۆمان و لە پشت درووستبوونیشیانەوە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش بوونی هەیە.

لەناو ئەو بیرۆکە سادانەدا، بیرۆکەی درووستکردنی کارتۆنی هێلکە (لە زمانی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستاندا زیاتر تەبەقی هێلکە بەکاردێت)، یەکێکە لەو بیرۆکانەی کە دواتر بووە شتێکی گرنگ و پڕبایەخ لە ژیانی ڕۆژانەی هەرکەسێکدا و بووە هۆی پاراستنی هێلکەکان لە مارکێتەکاندا.

بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، خاوەنی ڕۆژنامەیەکی کەنەدی بەناوی جۆزف کۆوڵ خاوەنی بیرۆکەکەیە و بۆ یەکەمجار و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بیری لە درووستکردنی کارتۆنی هێلکە کردووەتەوە.

دوای ئەوەی گوێی لە دەمەقاڵێی توندی نێوان خاوەن هۆتێلێک و جوتیارێک دەبێت کە لەبارەی خراپی دۆخی بەدەستگەیشتنی هێلکەکان، خاوەن هۆتێلەکە گلەیی و سکاڵا لە جوتیارەکە دەکات بەوەی کە تا گەیشتووەتە دەستی، نیوەی هێلکەکان شکاون.

لەوکاتەدا دەبێت کە کۆوڵ بیرۆکەی درووستکردنی کارتۆنی هێلکەی بۆ دێت بەوەی لە سەرەتادا ڕۆژنامەی بەکارهێنا بۆ پاراستنی هێلکەکان و بەوەش بینی کەمتر هێلکەکان دەشکێن تا دەگاتە شوێنێکی دیکە. دواتر وردە وردە، بیرۆکەکەی گەشەپێدا تا گەیشتە ئەو کارتۆنی هێلکەیەی کە ئێستا لە زۆربەی ماڵەکانی هەموو دونیادا بوونی هەیە.

کۆوڵ لە ساڵی ١٩١٩ بە دەوری ئەمریکای باکوردا گەشتی کرد و ڕیکلامی بۆ فرۆشتنی ڕۆژنامەکانی دەکرد، ئەو ڕۆژنامانەی کە تێیدا، دەتوانیت هێلکەکانت بپارێزیت.

پەیامی سەرەکی جۆزف کۆوڵ بۆ ئەو جوتیارانەی فرۆشیاری هێلکەبوون ئەوەبوو کە، "ئەم داهێنانە زیاتر لەوەتان بۆ دەگەڕێنێتەوە کە بەهۆی شکانی هێلکەکانتانەوە لەدەستاندەچێت".

سەرەڕای ئەو داهێنانەش، بەڵام کۆوڵ نەیتوانی پێی دەوڵەمەند ببێت و کۆمپانیای تایبەت بە بوارەکە دابمەزرێنێت، بەڵام لەم ڕۆژگارەدا، بازرگانی کارتۆنی هێلکە لە ساڵێکدا هەشت ملیار دۆلارە.

H.B